تورکیا داوای دانبەخۆ داگرتن لە ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی سووریا دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیامێکدا داوای دانبەخۆداگرتن لە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای سووریا دەکات و دەڵێت: شەڕ و پێکدادانەکان زیان بە ڕێککەوتنەکانی ئاستانە دەگەیەنێت و گرووپە تیرۆریستەکانیش ئاڵۆزییەکان دەقۆزنەوە.
ئۆنجۆ کێچیلی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پێویستە ئارامی و سەقامگیری لە ئدلیب و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەبەرچاو بگیرێن کە دەکەونە نزیک سنووری تورکیا، چونکە ئەم پرسە بەلای تورکیاوە ئەولەویەتیی هەیە.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە 2017ـەوە بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان لە ئدلیب، چەند ڕێککەوتنێک کراوە و تورکیاش لایەنێک بووە لە ڕێککەوتنەکان و بەو پەڕی پەرۆشییەوە پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، هەربۆیە زۆر گرنگە کە ڕێگری لە ناسەقامگیرییەکی دیکە بکرێت و زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی نەگەیەنرێت.
کێچیلی ڕاشیگەیاندووە، تورکیا هۆشداری پێویستی لە بارەی لێکەوتەی هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر ئدلیب گەیاندووەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە زیانی گیانی بۆ خەڵکی مەدەنی و ڕێککەوتنەکانی ئاستانە دەبێت، هەربۆیە دەبێت هێرشەکان ڕابگیرێن، چونکە شەڕو پێکدادانەکانی ئەم چەند ڕۆژە بووەتە هۆکاری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و ئەمەش قەبووڵکراو نییە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: بەگوێرەی پابەندبوونمان بە یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەین، بە تایبەت لە تەل ڕەفعەت و مەنبج، کە گرووپە "تیرۆریستەکان"هەوڵدەدەن ئەم ناسەقامگیرییە بقۆزنەوە، بۆیە تورکیا نیگەرانە لەوەی کە ئەو ڕێککەوتنانەی پێشوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی تیرۆریستان لەو ناوچانە کراون، هێشتا جێبەجێ نەکراون.