تاوەکوو 10 ڕۆژی دیکە هەموو جۆرە چالاکییەک لە وان قەدەغەیە

پارێزگاری وان لە باکووری کوردستان بڕیاریدا ماوەی 10 ڕۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، گردبوونەوە و دامەزراندنی کەمپینی مان گرتن و ناڕەزایی دەبڕین لە سەنتەری شارە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە قەدەغە بێت.

بە گوێرەی بڕیارەکەی پارێزگاری وان، لە ئەمڕۆ هەینییەوە 29ی تشرینی دووەم تاوەکوو 8ی کانوونی دووەمی 2024، هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی  قەدەغەکراوە و ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە پاراستنی سەلامەتی سەر و ماڵی هاووڵاتیان، نەهێشتنی پلانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، خۆپیشاندان، کۆبوونەوە و گردبوونەوە لە شوێنە گشییەکان، لێدوانی ڕۆژنامەوانی، ڕاپرسی و کەمپین بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر کەسێک سەرپێچی بڕیارەکە بکات، ڕووبەڕووی یاسای و لێپرسینەوە دەکرێتەوە.

هەفتەی ڕابردووش لە بەدلیس بە هەمانشێوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی قەدەغەکرا، بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان دژی بڕیاری دانانی قەیووم لە شوێنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی لە باکووری کوردستان.

تاوەکوو ئێستا لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، چەندین چالاکی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکانی هەر سێ شارەکەی باکووری کوردستان بەڕێوە چوون و لایەنگرانی دەم پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان دەکەن.