دەریاچەی نەجەف مەترسیی وشکبوونی لەسەرە
دەریاچەی نەجەف کە ساڵانێک هێمای جوانیی سروشتی پارێزگاکە و شوێنی حەوانەوەی هەزاران گەشتیار بوو، ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەم بەردانەوەی ئاو، لە قەیرانێکی ژینگەیی ترسناکدایە، هەروەها ئاستی ئاوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە.
پسپۆڕانی بواری ژینگە دەڵێن: "کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی نەجەف کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی کشتوکاڵی ناوچەکە و سامانی ماسی هەیە."
دەریاچەی نەجەف، ئەو ڕووبەرە ئاوییەی ساڵانێک وەک یەکێک لە جوانترین دیاردە سروشتییەکانی عێراق ناوی دەهێنرا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی مەترسی وشکبوون بووەتەوە؛ ئێستە بەردەوام ئاستی ئاوەکەی کەم دەبێت، ئەم کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی دەریاچەکە، کاریگەری قورسی لەسەر ژینگە و کشتوکاڵی ناوچەکە داناوە، هەروەها دەرگای نیگەرانی و نەهامەتی بەڕووی دانیشتووانی ناوچەکەدا کردووتەوە و کاریگەری لەسەر ژیانی هەزار کەس داناوە.
جەواد شەلاگە، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی نەجەف کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەریاچەی نەجەف یەکێکە لە ڕووبەرە ئاوییە جوانەکان، بەڵام بەم دوایانە تێبینی داکشانی ئاوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کراوە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، بۆمان دەرکەوت چەند هۆیەک لە پشت کەمبوونەوەی ئاوی ئەم دەریاچەوەن، کە گرنگترینیان بریتیە لە کەمی ئەو ئاوەی دێتە دەریاچەکەوە، بە تایبەتی لە لقەکانی ڕووباری فوراتەوە."
پسپۆڕانی تایبەت بە ئاوهەوا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن؛ کەمبوونەوەی سامان ئاو و کەمیی بەردانەوەی ئاوی ڕووبارەکان بۆ عێراق دوو هۆی سەرەکی وشکبوونی دەریاچەی نەجەفن.
قەیرانی ئەم دەریاچەیە تەنها لەسەرئاستی کشتوکاڵ ڕەنگی نەداتەوە، بەڵکو کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە کاریگەری گەورەی ئابووری لەسەر ناوچەکە داناوە لەوانەش، کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ، سامانی ماسی. ئەم هۆیانە وایانکردووە دۆخی ژیانی دانیشتووانی نزیکی دەریاچەکە بکەوێتە مەترسییەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ماسیگرتنە.
لای خۆیەوە شاكر فایز، بەرێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەکانی ئاو لە نەجەف دەڵێت: "کەمبوونەوەی ئاو لەگەڵ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیە هەبووە، کەمبوونەوەی بارانبارین، بەهەڵم بوون و کەم بەردانەوەی ئاو بۆ دەریاچەی نەجەف، هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەم دەریاچەیەیە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی داهاتی کشتوکاڵی ناوچەکە هەبووە."
قەیرانی دەریاچەی نەجەف، تەنها دیاردەیەکی ژینگەیی نییە بەڵکو دیاردەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیشە، کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی بەپەلە هەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، پارێزگاریکردن لەم دەریاچەیە، نەک هەر پاراستنی سامانێکی سروشتی عێراقە، بەڵکو پارێزگاریکردنە لە داهاتوویەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی عێراقی.