پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ پرۆژەیاسا کۆ دەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، هەمواری یاسای باری کەسێتی و لێبووردنی گشتی، کۆ دەبێتەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، سبەینێ یەکشەممە، کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ؛ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر چەند پرۆژەیاسایەکی گرنگ دەدرێت، کە بریتین لە: دەنگدان لەسەر پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959، هەروەها دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندەوەی ئەو موڵکانەی لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان. پرۆژەیاسای گرنگی سێیەم کە بڕیارە پەرلەمان سبەی دەنگی لەسەر بدات، هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتیی ژمارە 27ی ساڵی 2016ـەیە.
چەند پرۆژەیە یاسایەکیش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت لەوانە، خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای شارە پیشەسازییەکان.