ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان بەسەر نیوەی حەلەبدا گرتووە

هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناوەندی شاری حەلەب (وێنە: AFP)
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناوەندی شاری حەلەب (وێنە: AFP)

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان بەسەر نیوەی حەلەبدا گرتووە و بەبێ شەڕ گەیشتووەنەتە قەڵای شارەکە. 

شەممە، 30-11-2024، ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێستە نیوەی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی ڕزگارکردنی شام (هيئة تحرير الشام) و هێزە لایەنگرەکانیدایە". ئاماژەی بەوەش کرد "چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەبێ شەڕ و بەبێ ئەوەی یەک گولـلـەش بتەقێنرێت، گەیشتوونەتە قەڵای حەلەب، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا کشاونەتەوە."

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕوونیشی کردەوە "هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیی دەکرێن، قەزای سەراقبیان لە سنووری پارێزگاری ئیبدلب کۆنترۆڵ کردووە کە گرنگییەکەی لەوەدایە، ڕێگە لە هێزەکانی ڕژێمی سووریا دەگرن، پێشڕەوی بەرەو حەلەب بکەن و شوێنێکی ستراتیجییە، بەوپێیەی حەلەب بە لازقییە و دیمەشقەوە دەبەستێتەوە."

حەلەب، گەورەترەین پارێزگای باکوور و دووەم گەورەترین پارێزگای سووریایە. ئەمە بۆ جاری یەکەمە دوای ساڵی 2016، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بتوانن بگەنە ناوەندی شارەکە و چەندان قەزا، ناحیە و گەڕەکی کۆنترۆڵ بکەن. 

لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 27-11-2024، لە گوندواری حەلەب شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن؛ دەستیان پێ کرد. 

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ئەنجامی شەڕەکەدا، زیاتر لە 288 کەس کوژراون، کە 28ـیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون. بێجگە لەمەش، سەدان کەسی دیکە برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.