کیم جۆنگ ئون، ئیدانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات لەوەی ڕێگەیان بە کیێڤ داوە هێرش بکاتە سەر ڕووسیا
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەندرێی بیلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی ڕووسیا، ئیدانەی وڵاتانی ڕۆژئاوای کرد لەوەی ڕێگەیان بە کیێڤی داوە بۆ ئەوەی بە مووشەکی دوور مەودا هێرش بکاتە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریاـی باکوور، ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕایگەیاند: سەرۆکی کۆریای باکوور، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ڕووسیا، ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای شەرمەزار کرد لەوەی ڕێگەیان بە ئۆکرانیا داوە چەکی دوور مەودا بەکار بهێنێت بۆ لێدانی قووڵایی خاکی ڕووسیا، هەروەها گوتیشی: "بڕیارێکی لەو جۆرە دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆیە."
ئاژانسەکە لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاوی کردووەتەوە "ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەسەڵاتدارانی کیێڤیان ناچار کردووە بە چەکی هێرشبەری دوور مەودای خۆیان، هێرش بکاتە سەر خاکی ڕووسیا، پێویستە ڕووسیا ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ ئەوەی دوژمنەکانی ناچار بکات باجەکەی بدەن."
ڕێبەری کۆریای باکوور، جەختی لە پشتیوانیی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی لە "کردەوەی هەژموونی ئیمپریالیستی" کردەوە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو "دوێنێ هەینی، وەزیری بەرگریی ڕووسیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە کۆریای باکوور."
لە میانەی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ڕووسیا، بڕیارە کۆمەڵێک دیداری دوو قۆڵی لەگەڵ نوێنەرانی سەرکردایەتیی سەربازی و سیاسیی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا بکرێت.