تایبەت بە کوردستان24؛ نمایشی سەربازیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەنێو حەلەب
بە گوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی تایبەت بە کوردستان24، چەکدارانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کە لە دەستەی ڕزگاریی شام (هيئة تحرير الشام) و لایەنگرانی پێک دێن؛ لە ناوەندی شاری حەلەب نمایشی سەربازیی دەکەن و بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە نیوە شارەکە، ئاهەنگ دەگێڕن.
بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەش، چەکدارەکان گەیشتوونەتە قەڵای حەلەب. ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێستە نیوەی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی ڕزگاریی شام (هيئة تحرير الشام) و هێزە لایەنگرەکانیدایە". ئاماژەی بەوەش کرد "چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەبێ شەڕ و بەبێ ئەوەی یەک گولـلـەش بتەقێنرێت، گەیشتوونەتە قەڵای حەلەب، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا کشاونەتەوە."