سوپای سووریا: خۆمان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەین
سوپای سووریا ڕایگەیاند، کشانەوەیان لە چەند بەرەیەکی شەڕ لە حەلەب و ئیدلب "کاتییە" و خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەن.
شەممە، 30-11-2024، سوپای سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕی حەلەب و ئیدلب بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند بەرەیەکدا، شەڕێکی سەختیان لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن (دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی) کردووە و فرە بەرەیی پێکدادانەکان وای لێ کردوون هێزەکانیان بکشێننەوە بە ئامانجی دووبارە خۆڕێکخستنەوە.
سوپای سووریا، جەختی لەوە کردووەتەوە، کشانەوەیان لە چەند بەرەیەک، بۆ ماوەیەکی کاتییە، هێزەکانی پشتیوانی گەیشتوونەتە بەرەکانی شەڕ و خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای سووریا، بەهۆی بەردەوامیی هێرشی ئاسمانی، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هیچ خاڵێکی سەربازییان لەنێو شاری حەلەب جێگیر نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، زۆرینەی شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کۆنترۆڵ کراوە.