یەحیا ڕەسووڵ بۆ کوردستان24: هێزی سەربازیی پێویستیمان ڕەوانەی سنوورەکانی عێراق و سووریا كردووە

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، سنوورەکانی عێراق و سووریا پارێزراون و دەڵێت: هەر گرووپێکی تیرۆریستی هەوڵ بدات بێتە نێو خاکی عێراق، بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی دەبینەوە.

شەممە، 30-11-2024، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی شەڕی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئەو وڵاتە لە هەردوو شاری حەلەب و ئیدلب، وەڵامی چەند پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24ـی دایەوە. 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە "هاووڵاتییانمان دڵنیا دەکەینەوە، سنوورەکانمان لەگەڵ سووریای دراوسێ، بە تەواوەتی پارێزراون و ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی درۆن و کامێرای تایبەتەوە، چاودێرییان دەکەین."

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، دووپاتی کردەوە "پاراستنی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق، کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەتایبەت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە." ڕوونیشی کردەوە "لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هێزەکانی سوپای عێراق هەن."

وەکوو ئەوەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەشێکی قسەکانیدا باسی کرد "دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جووڵەیەکی تیرۆریستان دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانمان، بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە و ناهێڵین بێنە نێو خاکی وڵاتەکەمان."

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دڵنیایی دا "سەنگەرەکانی پاسەوانی سنوور بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک کراون و هێزه‌ ئەمنییەکانی عێراق به‌گشت توانایانه‌وه‌ ئاماده‌ن ڕووبه‌ڕووی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك‌ ببنه‌وه."

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ شەممە، 30-11-2024، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنیی سنووری نێوان عێراق و سووریا؛ هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانەی بەسەر کردووەتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئەو وڵاتە لە شارەکانی حەلەب و ئیدلب سەری هەڵداوە. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی شاری حەلەبی ڕاگەیاندووە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش (هەسەدە) دوو شارۆچکە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی کۆنترۆڵ کردووە.