بە پشتیوانیی کابینەی نۆیەم سەنتەری دڵ لە هەولێر، نوێترین خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکات

سەنتەری دڵ لە هەولێر
سەنتەری دڵ لە هەولێر

سەنتەری دڵ لە هەولێر وەک یەکێک لە باشترین سەنتەرەکانی چارەکردنی نەخۆشییەکانی دڵ، جێگەی بایەخی کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە.

لە کابینەی نۆ، سەنتەری دڵ فراوان کرا، ژمارەی قەرەوێلەکانی لە 52 قەرەوێلەوە کراوەتە 140 قەرەوێلە و بەشی تایبەت بە منداڵان و سیستەمی ڕیسایکلینی ئاو، کۆگای سەردەمییانە و چەندین بەشی نوێی بۆ زیاد کراوە؛ هەروەها 75%ی کارەبای بەکارهاتووی سەنتەرەکە لە وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت.

شوان عوسمان، سەرۆکی بەشی قەستەرە و نەخۆشییەکانی دڵ بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاری ڕاگه‌یاند: "پێشتر تەنها یەک ڕاوێژکاریی نەخۆشیەکانی دڵ و یەک سۆنەری دڵ هەبوو، ئێستە کراوەتە سێ ڕاوێژکار و سێ سۆنەری دڵ، ڕۆژانە دەتوانین پشکنین و سۆنەری دڵ بۆ 150 نەخۆش بکەین."

لە سەرانسەری عێراقەوە نەخۆش سەردانی سەنتەری دڵ دەکەن. لە 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 80 هەزار نەخۆش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە و 1287 نەشتەرگەری کردنەوەی سینگ کراوە کە لە 41% یان دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین. 

هەروەها نزیکەی 4 هەزار شەبەکە و باڵۆن دانراون.

ئێستە سەنتەرەکە خاوەن کۆگایەکی گەورەیە کە کەلوپەلی پێویست بۆ ماوەی 6 مانگی ئاییندە بەردەستە و دەیان ئامێری پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە، کە لە عێراق و ناوچەکە نموونەیین.

سەنتەرەکە 24 کاتژمێر کراوەیە و دەیان پزیشک و کارمەندی تەندروستیی شارەزا کاری تێدا دەکەن؛ تێچووی چارەسەریش بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان 80% کەمترە.

كابینەی نۆیەم، بایەخێکی زۆری بە كەرتی تەندروستی داوە و بەردەوامە لە بەرەوپێشبردن و فراوانكردنی ئەم کەرتە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر و کەمکردنەوەی بارگرانیی ماددی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.