سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: ترەمپ ئاگاداری بڕیارەکانی بایدنە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە نزیکەوە ئاگاداری بڕیارەکانی ئێستەی کابینەی جۆو بایدنی سەرۆکە.
یەشەممە، 01-12-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرۆکی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپ، بە شێوەیەکی بەردەوام لە وردەکاریی ئەو بڕیارانەی ئێستە لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسەکانی دیکە لەلایەن کابینەی جۆو بایدنەوە دەدرێن، ئاگادار دەکرێتەوە."
هەمان سەرچاوەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد "ئامانج لەو کارە ئەوەیە، کاتێک مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەست بە کار دەبێت، ئاگاداری هەموو بڕیارە گرنگەکانی ئیدارەی پێشووی خۆی بێت و بەرچاوڕوونی هەبێت بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی."
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە "هیچ بەرپرسێکی ئیدارەی بایدن ناتوانێت پێشبینی بۆ بڕیارەکانی داهاتووی ترەمپ بکات، بە تایبەت بڕیارەکانی پەیویست بە بارودۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان."
ڕۆژی 05-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە چوو و دۆناڵد ترەمپ توانی بەسەر کامالا هاریسی ڕکابەریدا سەربکەوێت، زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بهێنێت و دووبارە ببێتەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
وا بڕیارە، 20-01-2025، دۆناڵد ترەمپ، لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەست بە کار ببێت.