ترەمپ و ترۆدۆ پرسەکانی سنوور و بازرگانی و گومرگیان تاوتوێ کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمداری لەگەڵ جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کردووە، گوتیشی: باسیان لە پرسەکانی سنوور و بابەتەکانی دیکە کردووە، لەوانە بازرگانی و وزە.
جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی گەشتی فلۆریدای کردووە و لەگەڵ ترەمپ نانی ئێوارەیان خواردووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت، کە ترەمپ بەڵێنی دابوو باجی زیادە بەسەر کەلوپەلی کەنەدا و مەکسیکدا بسەپێنێت.
کلۆدیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دا لەوەی، پلانی گومرگی ترەمپ لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆ هەردوو وڵات، گوتیشی: "وەڵاممان دەبێت بەو هەڕەشانەی کە ترەمپ دەیکات ئەویش سەپاندنی گومرگی لەسەدا 25ـە بەسەر هاوردەکردنی مەکسیک و کەنەدا."
ترەمپ، دەیەوێت باجەکان وەک ئامرازێک بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی مەکسیک و کەنەدا یارمەتیدەر بن بۆ وەستاندنی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو ئەمەریکا، بەتایبەتی دەرمانی فێنتانیلی ئەفیۆنی، هەروەها ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەپەڕنەوە بۆ وڵاتەکەی.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی'Truth Social' ڕایگەیاندووە، باسمان لە زۆر بابەتی گرنگ کرد کە پێویستە هەردوو وڵات پێکەوە کار بکەن بۆ چارەکردنیان، وەک قەیرانی فێنتانیل و ماددە هۆشبەرەکان کە ژیانی زۆر کەسی تێک داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ترودۆ بەڵێنی دا لەگەڵ ئێمە کار بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم وێرانکارییە ترسناکەی ڕووبەڕووی خێزانە ئەمەریکییەکان بووەتەوە.