فوئاد حوسێن و هاکان فیدان دەربارەی شەڕی حەلەب گفتوگۆیان کرد

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندنی ململانێکانی سووریا کرد.

یەکشەممە، 1-12-2024، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، بە تەلەفۆن لەبارەی پەرەسەندنی شەڕ و ململانێکانی سووریا گفتوگۆیان کرد. بەڵام هیچ وردەکاری لەبارەی ناوەرۆکی پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان ئاشکرا نەکراوە.

ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە لە شاری حەلەب پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووی دا.

شەممە، 30-11-2024، سوپای سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕی حەلەب و ئیدلب بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "لە چەند بەرەیەکدا، شەڕێکی سەختیان لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکان (دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی) کردووە  و فرە بەرەیی پێکدادانەکان وای لێ کردوون هێزەکانیان بکشێننەوە بە ئامانجی دووبارە خۆڕێکخستنەوە."

سوپای سووریا، جەختی لەوە کردووەتەوە "کشانەوەیان لە چەند بەرەیەک، بۆ ماوەیەکی کاتییە، هێزەکانی پشتیوانی گەیشتوونەتە بەرەکانی شەڕ و خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەن."

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە، مێدیا عەرەبییەکان کەوتنی شاری حەلەبیان بەتەواوی ڕاگەیاند، کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە.