کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ سبەی دواخرا
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەربارەی یاسای لێبووردنی گشتی و تایبەت بۆ سبەی دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 دواخرا.
پێشتر ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: دەبێت دادپەروەر بین لەگەڵ ئەوانەی بەڕاستی شایەنی لێخۆشبوونن.
یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکی( ئێکس) دا نووسیووی: چارەسەری نموونەیی بۆ یاسای لێبووردنی گشتی و تایبەت، لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق، دەنگدان لەسەر یاسای لێبووردن جگەلە بڕگەی تیرۆر بەڕێوەدەچێت.
ڤیان دەخیل گوتی: پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتمەند کە پێکهاتبێت لە دادوەرانی تایبەتمەند بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەوانەی بە تاوانی تیرۆر سزادراون، بە دیاریکراویش ئەوانەی کە لێبووردنەکەی دەبێتە مەترسیی لەسەر ئاسایشی وڵات گرنگە، بۆ ئەوەی لێبووردنەکە نەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەر بین لەگەڵ ئەوانەی کە بەڕاستی شایەنی لێخۆشبوونن، دادپەروەریش بین لەگەڵ قوربانییەکان.