ئاری ئەحمەد: پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر سەدا 20 جێبەجێ کراوە
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بە سێ مانگ توانراوە سەدا 20ـی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر جێبەجێ بکرێت، تەواوی پرۆژەکەش بە ساڵ و نیوێک دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە سێ مانگ توانراوە سەدا 20ـی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر جێبەجێ بکرێت، دەشڵێت: بڕیارە بە ساڵ و نیوێك تەواوی پرۆژەکە کۆتایی بێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە 479 ملیۆن دۆلار لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە تەرخان کراوە کەگرووپی هێمن بە سێ شەفت کارەکانی دەکات.
ئاری ئەحمەد قادر ئاماژەی بەوە کرد کە. سەرباری ئەوەی لە وەرزی باراندا پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام کارەکانی خاو نەبووەتەوە و بگرە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان، دەشڵێت: پرۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا کە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، ڕاشیدەگەیەنێت: پرۆژەکە گەڕەکەکانی ناو شەقامی 120 مەتری و ناو شەقامی 150 مەتری و دەرەوەی شەقامی 150 مەتریش.