توێژینەوەیەک: خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا دەبێتە هۆی قەڵەوبوونی مرۆڤ

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆکانی موناش و مێلبۆرن و پەیمانگای تەکنۆلۆجیای ڕۆیاڵ مێلبۆرن لە ئوسترالیا، دەربارەی هۆکانی قەڵەوی کراوە، دەڵێن: خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا دەبێتە هۆی زۆر بوونی ڕێژەی قەڵەوی.

بەگوێرەی گۆڤاری Economics & Human Biology، توێژەران هۆی زیادبوونی ئینتەرنێتی خێرا، بە کاریگەر لەسەر چالاکیی جەستەیی و خووی خواردن دەزانن.

دکتۆر کلاوس ئاکەرمان، توێژەر لە بەشی ئابووریپێوان و ئاماری بازرگانی لە قوتابخانەی بازرگانیی زانکۆی موناش، ڕوونی کردەوە "دەستگەیشتن بە هێڵی ئینتەرنێتی خێرا وادەکات تاک، کەمترین چالاکیی جەستەیی هەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو کەسانە زیاتر بێهێز دەبن."

جگە لەوەش، ئاماژەی بەوە کردووە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی خێراتر، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو ئوسترالیایانە هەیە کە بەدەست قەڵەویەوە گرفتارن، ئەمەش وایکردووە، کاریگەریی لەسەر چالاکیی جەستەیی و خووی خواردنی ئەو کەسانە هەبێت.

ئاکەرمان دەڵێت: " دانیشتن بەدیار ئینتەرنێت و ئۆنلاینەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک زیاتر، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی میتابۆلیک، ئەمەش هۆیەکی قەڵەوییە."

ئەو توێژەرە باسی لەوەش کرد "بەکارهێنانی ئینتەرنێت ڕێگە بە دەستگەیشتن بە کاڵا و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان دەدات بە ئاسانی، بەمەش پێویستی بە جێبەجێ کردنی ئەرکەکان بە شێوەیەکی فیزیکی کەم دەکاتەوە؛ ئاسانکاریی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکانیش پێویستی بە چاوپێکەوتنی خێزان و هاوڕێیان بە شێوەی کەسی کەم دەکاتەوە، ئەمەش دەرفەتە ئەگەرییەکانیش کەم دەکاتەوە بۆ بەشداریی لە چالاکییە جەستەییەکان."

قەڵەوی، کێشەیەکی گەورەی تەندروستی گشتیە لە سەرانسەری جیهاندا، پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشک، شەکرە و مردن هەیە.

بۆ نموونە، لە ئەمەریکا مەزەندە دەکرێت کە تا ساڵی 2030، 78%ی پێگەیشتووەکان کێشیان زیاد بکات یان قەڵەو بن، هەروەها داتاکانی ئوسترالیا دەری دەخەن لە ساڵی 2022 وە لە هەر سێ کەس دوو کەسیان، واتە 66%ـی پێگەیشتووان، کێشیان زیادە، یان قەڵەو بوونە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی بە شێوەیەکی بەرچاو، بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و هۆکارە تەندروستی و ژینگەییەکانەوەیە، لەوانەش خراپی خۆراک و زۆر دانیشتن.