دۆلار هاڕەی بە نرخی زێڕ و زیو کرد
مسقاڵێک 40 هەزار دینار دابەزیوە
بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا و نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی زێڕی لە یەک رۆژدا 150 دۆلار و زیوی زیاتر لە شەش دۆلار دابەزاند.
لە مامەڵەکانی رۆژی هەینی کە دواین رۆژی مامەڵەی هەفتانەی بازاڕەکانی جیهان بوو، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3.22% دابەزی و بە 4,331 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، دابەزینەکەی لەسەر ئاستی هەفتانە گەیشتە 4.63%، دوای ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی رابردوو 4,553 دۆلاری تۆمار کرد.
لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نرخی مسقاڵێک زێڕ 40 هەزار دینار دابەزیوە. مسقاڵێک لە زێڕی عەیار21 بە 934 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نووسینگەی ئاماری کار لە وەزارەتی کاری ئەمریکا لە راپۆرتێکی لەبارەی ئامارەکانی رەخساندنی هەلی کار و رێژەی بێکاری بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنێت، مانگی ئایار لە ئەمریکا 172 هەزار هەلی کاری نوێ لە کەرتە جیاوازەکان جیا لە کەرتی کشتوکاڵ رەخساوە، لە کاتێکدا ئابووریناسانی رۆیتەرز پێشبینییان دەکرد تەنیا 85 هەزار هەلی کاری نوێ برەخسێت.
لەبارەی ئامارەکانی بازاڕی کار، بارت مێلەک لە کۆمپانیای تی دی سیکیوریتی، رایدەگەیەنێت:" ئامارەکانی هەلی کار، بە شێوەیەکی بەرچاو لەوە زیاتر بوون کە پێشبینی دەکرا." گوتیشی:" بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و فشارەکانی رێژەی هەڵاوسان، ئەگەرێکی زۆر دوورە یەدەگی فیدراڵی لە ئێستادا هیچ مەیلێکی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی هەبێت. ئەم ئەگەرە کاریگەریی لەسەر زێڕ ئەوەیە کە تێچووی هەڵگرتن و وەبەرهێنان تێیدا زۆر بەرزدەبێتەوە."
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەلی کار، دەسهاتی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکای بەرزکردەوە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار بەرانبەر سەبەتەی دراوە سەرەکییەکانی دیکە، بە چەشنێک لە رۆژی هەینی 0.66% بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە 100.07 خاڵ.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە، نرخی زێڕ زیاتر لە 19% دابەزیوە. ئەم ململانێیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ترسی لە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی رێژەی سوو زیاد کردووە.
هەرچەندە زێڕ وەک قەڵغانێک لەبەرانبەر هەڵاوسان سەیر دەکرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی سوو بە گشتی کێشە بۆ نرخی ئەم کانزا بەنرخە دروست دەکات. ئامارەکانی دامەزراوەی سی ئێم ئی تایبەت بە چاودێریکردنی سیاسەتەکانی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دەریدەخەن، لە ئێستادا بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە 68% دەبینن، لە کاتێکدا پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەلی کار ئەم ئەگەرە تەنیا 50% بوو، بەرزکردنەوەی رێژەی سووی بە گشتیی بۆ زێڕ نەرێنییە.
سەبارەت بە کانزاکانی دیکە، نرخی زیو 8.86% دابەزی بۆ 67.29 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک پاشەکشەی کرد. لە کۆتایی مانگی شوباتەوە نرخی زیو دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، نزیکەی 24% لە بەهاکەی دابەزیوە.