عەبدولسەلام بەرواری: بەپێی یاسا دەبێت ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت

د. عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان
د. عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان

ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دەبێت ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت.

بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، 02-12-2024، یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت. 

د. عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە گوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی 11ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە تەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت و دەبێتە سەرۆکی یەکەم دانیشتن، ئەرکی تەنها بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی." 

د. عەبدولسەلام بەرواری ئاماژەی بەوەش کرد "بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو سوێندنی یاسایی دەخوات و دواتر کاندیدە دەرچووەکان بانگهێشت دەکات تاوەکوو سوێندی یاسایی بخۆن. بەو پێیەش ئەوانەی سوێندەکە دەخۆن، بە پێی یاسا دەبنە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانیان وەردەگرن." 

وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد "کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەرکێکی دیکەشی هەیە کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە؛ بۆ ئەمە، دەبێت ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت. ئاگادار نیم ئایا ڕێککەوتن کراوە یان نا؟ هیوادارم کرا بێت، چونکە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هێشتنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی بە شێوەیەکی کراوەیی، بە نادەستووریی لە قەڵەم داوە. واتا پێویستە دەستەکە هەڵبژێردرێت."

بەرواری، پێی باشە ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕێک بکەون تا ئەو کاتەی دەستەیەکی هەمیشەیی هەڵدەبژێرێت، چونکە وەکوو خۆی گوتی "بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، نابێت دانیشتنەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە."  

 

کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بڕگە پێک دێت:

یەکەم: کردنەوەی کۆبوونەوەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز. 

دووەم: یەک خولەک بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان. 

سێیەم: بانگهێشتکردنی بە تەمەنترین کاندیدی ئامادەبوو، لە پالێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکە؛ بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 11 و بڕگەی یەکەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. 

چوارەم: سەرۆکی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەم، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پاشان کۆبوونەوەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم کۆبوونەوە، بەپێی حوکمی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.

 

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، 19 کونسوڵ و دیپلۆماتکارانی وڵاتان، میوانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەبن کە ئەمانەن:

1.  مەحموود فارووق  (کونسوڵی میسر) .

2.  عەباس ئەسکەندەر عەلی ئەسغەر (ئێران) .

3.  میکیهیرۆ ئاراکاوا (ژاپۆن) .

4.  نیکۆلاس ستێرجیۆلاس (یۆنان) .

5.  میچال ڤۆنیاکی (پۆڵەندا) .

6.  چێن گوۆجینگ لیو جون (چین) .

7.  ئان مەیسۆن، ڤاگەر ئەمین، هۆزان حەسەن (ئەمەریکا) .

8.  ئەندرۆ بیزلی، سالار ئەمین، تۆم هیپس (بەریتانیا) .

9.  زانا حەسەن، میر بایرامۆئۆغڵو، ئێرمان تۆپچو (تورکیا) .

10.  فوئاد خزر ئەلمەجەلی (ئوردن) .

11.  حوسێن بن عەلی ساڵح (قەتەر) .

12. نازمی هەزووری (فەڵەستین) .

13.  سیونگچێۆل لیم (کۆریای باشوور) .

14. دۆمینیکا کۆڤێدی کۆڤاکس (هەنگاریا) .

15. ڤاسیلی ڤاڤیلین، ئەلێکساندەر لانکێڤیچ (ڕووسیا) .

16. دانیال درێشەر (ئەڵمانیا) .

17.  عوسمان ئەلداوود (کوێت) .

18. مونیارادزی مۆتسی، فرانسیسک ڕیڤێلتۆ-لانا (نەتەوە یەکگرتووەکان) .

19.  ئەندرانیک هاروتیونیان (ئەرمینیا).