دوو کتێبی گرنگی کوردی بە ڕووسی دەکرێنە دیاری
دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە کوڵتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیی ڕووسەکان هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاوە تا حوکمڕانی 70 ساڵەی یەکێتیی سۆڤییەت و ڕووسیای ئەمڕۆش، کتێب جوانترین و بەنرخترین دیاری بووە.
نوێنەری حکوومەت دەڵێت: "لەم چوارچێوەیەدا دوو جوانترین دیاری کتێبمان بە زمانی ڕووسی وەک ئەرشیفی نەتەوەیی نوێنەرایەتیمان، ئامادە کردووە ئەوانیش؛ کتێبی "بۆ مێژووی سەرۆک مەسعود بارزانییە، کە باس لە سەرهەڵدانی پرسی کورد دەکات، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی تا ڕووداوەکانی سەردەمی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان. هەروەها کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداریی گەلی کورد لە جەنگی دووەمی جیهانی دژ بە نازییەکان" جوانترین و شایستە ترین دیارین بۆ هەر ڕووس و نەتەوەیەکی تری جیاواز کە لە پاڵ سۆڤییەتدا ژیابن.
دەشڵێت: "سەرکەوتنی جەنگی دووەمی جیهانی "جەنگی مەزنی نیشتمانی" بەسەر نازییەکاندا یەکەمین و گەورەترین جەژنە بۆ هەموو نەتەوەکانی سۆڤیەتی پێشوو کە دەست لەناو دەست بە بیروباوەڕێکی یەکگرتوو دژ بە نازییەکان وەستانەوە و، ئەفسانەی نازییەکانیان نەک تەنیا لە خاکی سۆڤیەتدا تێکشکاند، بەڵکو بوونە هۆی سەرەکی لەناوبردنی سوپای نازییەکان لە ئەورووپا و جیهان، و گشت پایتەختەکانی ئەورووپایان لە دەستی نازییەکان ئازاد کرد.
دانەر ئەبوبەکر گوتیشی: "ئێستە کتێبی یادەوەرییەکان، بە شێوەی ڕەنگاو ڕەنگ و بە شێوەی ڕەش و سپی لە دوو کتێبی جیاواز بە زمانەکانی کوردی ڕووسی بەردەستە و لە زۆربەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانمان بەو پەڕی شانازییەوە دەیانکەینە دیاری."