ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاووڵاتییان بپارێزرێن

ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا

ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاووڵاتییان بپارێزرێن و ئاسانکارییان بۆ بکەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەڕەشەی  کۆمەڵکوژی لە گەلی کورد نەکرێت و دیموگرافیا بەهۆی ئاوارەبوونی ناچاریی نەگۆڕن.

دووشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بارودۆخی سووریا بڵاو کردەوە و دەڵێت: ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا، زۆر بە گرنگییەوە لە پێشهاتە خێراکانی باکووری سووریا دەڕوانێت، دوای داگیرکردنی ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب لەلایەن  دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی سوپای نیشتمانی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.

دەڵێت: بەپێی زانیارییەکان فشار لە دانیشتوانی کورد کراوە بۆ ئەوەی بەرەو  ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بە ناچاری هەڵبێن، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بە تەواوی هەر هەوڵێک ڕەت دەکاتەوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتوان و ئاوارە کردنیان، دووپاتیش لە مافی لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکات کە لە ماڵەکان و شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە پێداگربن لەسەر مافەکانیان.

ئەنجوومەنەکە داوا لە گەلی کورد لە حەلەب و شەهبا دەکات نەچنە دەرەوە لە دەست ئەوانەی هەوڵ دەدەن کورد بترسێنن لەوەی دووچاری کۆمەڵکوژی دەبنەوە ئەگەر ناوچەکە بەجێ نەهێڵن، بۆیە لە ماڵەکانیان و ناوچەکانیان بمێننەوە.

ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا دەڵێت: نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و تورکیا ، بەپرسیارەتی ئەوە بگرنە ئەستۆ کە خەڵکی ئەو ناوچانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و پارێزراو بن و بە ئامانج نەگیرێن.

داوای لە گرووپە چەکدارەکانیش کرد هاووڵاتییان بە ئامانج نەگرن و ڕێز لە ژیان و ماڵیان بگیرێت، هاووڵاتییانی عەفرینیش کە لە ساڵی 2018 ەوە ئاوارە بوون لە ناوچەی شەهبا، بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە هاوپەیمانی نیشتمانی هێزەکانی شۆڕشی سووریا کرد ئاسانکاری بۆ بۆ گەڕانەوەی خەڵک بکەن بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئەنجوومەنەکە بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەستۆی ئەنجوومەنی ڕژێمی سووریا  کە بەردەوامە لە دروستکردنی کارەساتەکان بەسەر سووریا و خەڵکەکەی، بەهۆی ڕەتکردنەوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە پرۆسەی سیاسی و پێداگریی لەسەر چارەسەری سەربازیی و ئەمنی و گوێنەدان بە داخوازییە ڕەواکانی گەلی سووریا کە قەیرانەکەی قوڵتر کردەوە و درێژەی کێشا.

هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارەتی ئەدکاری و یاسایی خۆی بەرامبەر گەلی سووریا جێبەجێ بکات و کار بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاڕەکانی تایبەت بەخۆی، فشاریش بخاتە سەر ڕژێمی سووریا پابەند بێت بە چارەسەریی سیاسیی و سنوور بۆ توندوتیژی بەردەوام دابنێت، گەل و وڵاتەکەی لە وێرانی و چەرمەسەریی بپارێزێت و دەستی لێ بەربدات.