شاندێکی دەم پارتی لەسەر داوای باخچەلی دەچێتە وەزارەتی دادی تورکیا

دەم پارتی هەنگاوێکی نوێ بۆ لابردنی سزاکانی سەر عەبدوڵلا ئۆجەلان دەنێت

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

شاندێکی دەم پارتی بە مەبەستی داوای لابردنی سزاکانی سەر عەبدوڵلا ئۆجەلان، سەردانی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات. 

مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، بە مەبەستی لابردنی سزاکانی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات.

 بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، بڕیارە سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ وەزارەتی دادی تورکیا، کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-12-2024، بکرێت.

 دوای سەردانەکە، چاوەڕێ دەکرێت شاندەکەی دەم پارتی، لە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ساز بکات.  

شاندەکە، تەنیا لە سیاسەتمەداران پێک نەهاتووە، بەڵکوو ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیی کاریگەریش یاوەری دەکەن.

 سەردانی شاندەکە دوای ئەوە دێت، هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەمەبەستی بینینی ئۆجەلان داواکارییەکیان ئاراستەی وەزارەتی داد کردبوو. 

بێجگە لەمەش، پێشتر باخچەلی داوای کردبوو، ئۆجەلان ئازاد بکرێت و لە پەرلەمان چەکدانان و هەڵووەشانەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.

 

کۆتا دیدار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان

 ڕۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە مامی کەوت. 

لە دیدارەکەی نێوانیاندا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازاکەییەوە، پەیامێکی لەبارەی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "ئەگەر هەلومەرجەکان لەباربن، من دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی."

لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی عەبدوڵلا ئۆجەلانیش، برازاکەی ئەوەی خستووەتە ڕوو "تەندروستیی باشبوو و سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان هەبوو."