ڤیان سەبری: ئەستەمە پێنجشەممەش پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی ناکۆکی زۆر لەبارەی پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـیساڵی 1959، هەروەها پرۆژەیاسای گەڕاندەوەی ئەو موڵکانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان، یاسای سێیەمیش هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، ئەستەمە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت لەسەر پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـیساڵی 1959، هەروەها پرۆژەیاسای گەڕاندەوەی ئەو موڵکانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان، یاسای سێیەمیش هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، نەکرا، دەشڵێت: پێم ئەستەمە ڕۆژی پێنجشەممەش کە دوا رۆژە بۆ کۆبوونەوە، ک بەهۆی ئەو ناکۆکییە بەهێزەی لەنێوان لایەنەکان هەیە لەسەر پرۆژە یاساکان، بەتایبەتیش لایەنی شیعی، کۆبوونەوەکە بکرێت.
ڤیان سەبری دەڵێت: بارودۆخی سووریا و دەرچوونی زیندانییەکان لەو وڵاتە، وای کردووە لایەنە شیعییەکان ڕێگر بن لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ ئەوەی چەند بڕگەیەک بۆ پرۆژە یاساکە زیاد کرابوون، سەرباری بڕگەکانی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵی و بەرتیل دان، گوتی: ناکۆکی لەسەر بڕگەیەکی دیکە هەبوو لەبارەی ڕفێندراون ئەگەر نە کوژرابن، هەندێک پێیان پێوایە کە دەبێت لێخۆشبوون بیانگرێتەوە، هەندێکی دیکەش پێیان وایە کە نابێت لێیان ببوورێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکان تاک تاک دراوە، بەڵام دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکان بەگشتی نەدراوە، پێشی وابوو زەحمەتە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەو ناکۆکیانەوە بکرێت.