سبەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆدەبێتەوە
سبەی پەرلەمانی عێراق بە میوانداریی کردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چوار پرۆژە یاسا لەنێو پلانی کۆبوونەوەکە دەبێت، یەک لەوان هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، سبەی چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمان بە میوانداریی کردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەپێی ڕاگەیاندراوەکەش، جگەلە میوانداریی کردنی سەرۆک وەزیران، دەنگ لەسەر ماددەی 36ـی پرۆژە یاسای دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتمانی دەدرێت، هاوکات دەنگ لەسەر پێشنیازی یاسای هەمووارکردنەوەی ماددەی پێنج، ژمارە 32ـی ساڵی 2015ـی یاسای پاسپۆرت دەدرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە، بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی بوودجەی ساڵەکانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 دەکرێت، هاوکات بڕگەی پێنجەم خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەموواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی ژمارە 148ـی ساڵی 1974 دەکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی بوودجەی ساڵەکانی دارایی 2023 و 2024 و 2025، بڕگەی(ج) لەبەندی دووەم، ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024،2025، ژمارە 13ـی ساڵی 2023 هەڵدەوەشێتەوە.
ڤیان سەبری دەڵێت: بەپێی ئەو هەمووارە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە خەرجی سیادی لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕە نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سۆمۆوە، یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەکانی(ا،ب) بەپێی ئەو بەندە وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی هەژماری تێچووی خەمڵێندراوی یەکسان و دادپەروەر بۆ وەبەرهێنان و گواستنەوەی لەهەر کێڵگەیەکی نەوت لەلایەن لایەنێکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاریی دەکات بە هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 60 ڕۆژدا لە ڕۆژی دەرچوونی ئەو یاسایە، لە حاڵەتێک ئەگەر لەو ماوەیە نەگەنە ڕێککەوتن، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو لایەنە ڕاوێژکارییەی بۆ دیاریی دەکات.
ڤیان سەبری دەڵێت: لایەنە ڕاوێژکارییە هونەرییەکە کە ئاماژەی بۆ کراوە لە ژمارە یەکی ئەو بڕگەیە، تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوەی خەمڵێندراو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ ئەو یاسایە، قەرەبووکردنەوەکە بەپێی ناوەڕۆکی ژمارە یەکی ئەو بڕگەیە، بەپێی بنەمای تێچووی ئاماژە بۆ کراو بۆ بەرمیلێک نەوت، بەپێی ژمارەی ئەو بەرمیلانە دەبێت کە وەردەگیرێن بەپێی هەردوو بڕگەی(ا،ب) لەو بەندە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو بڕە پارەیە دەداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ڤیان سەبری گوتی: بەپێی هەردوو بڕگەی(ا،ب)، دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، قەرەبووی تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە وەکو سولفە بە تێکڕای 16 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت کە دەکرێ دواتر لایەنی ڕاوێژکاریی هونەریی پسپۆر پاکتاوی بکات بەپێی ناوەڕۆکی ژمارە یەک لەو بڕگەیە، دەشڵێت: ئەو بڕیاڕە جێبەجێ دەکرێت لە ڕۆژ و ڕێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەیەکی فەرمی.