بڕیارەكان گەڕی لەم هەفتەیەی خولی نایاب كوردستان بەردا

سبەی دێربی راپەڕین بەبێ هاندەر بەڕێوە دەچێت و یانەی برایەتیش سزا درا

لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی كوردستان، یانەكانی چوارقوڕنە و رانیە لە دێربی راپەڕین بەیەك دەگەن، پێش یارییەكەش چوارقوڕنە بە قورسی سزادرا و یارییەكەی سبەی دەبێت بەبێ هاندەر بەڕێوە بچێت، لە لایەكی دیكەیشەوە، لە هەولێری پایتەختیش دوو یاریی دیكە بەڕێوە دەچن كە پێكهاتوون لە رووبەڕبوونەوەی پێشەسازی و هەندرێن، لەگەڵ بەیەك گەیشتنی نێوان برایەتی و ئاكرێ.

دێربی ڕاپەرین
یانەی چوارقوڕنە دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ لە دێربی راپەڕین لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی رانیەی دراوسێی دەكات، ئەم دوو یانەیە هەردوو كیان ئەم وەرزە بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبن، بەتایبەتی یانەی چوارقوڕنە كە ئەم وەرزە هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە.
پێش ئەم یارییە رەمزی ساڵح راهێنەری یانەی چوارقوڕنە دەستی لەكار كێشایەوە، بۆ ئەم یارییە یاریدەدەرەكەی هەردی نورەدین شوێنی رەمزی ساڵح دەگرێتەوە یەكەمین ئەزموونی وەكو راهێنەری یانەی چوارقوڕنە تاقی دەكاتەوە، جگە لەوەش فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بەهۆی رووداوی یاریی رابردووی نێوان چوارقورنە و رزگاری بڕیاری دا یاریی دێربی راپەڕین بەبێ هاندەر بەڕێوە بچێت، زنجیرەیەك سزای دیكەشی بەسەر سەرۆكی یانەی چوارقوڕنە و سەرپەرشتیار و راهێنەری پێشووش سەپاند.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی رانییە لەژێر سەرپەرشتی سەیوان فاتیحی راهێنەر سبەی لە دێربی راپەڕین رووبەڕووی چوارقوڕنە دەبێتەوە، لە ئەگەری هەر ئەنجامێكی خراپیش رەنگە ئەم یارییە ببێتە دوایین یاریی سەیوان لەگەڵ نوێنەرەكەی دەڤەری راپەڕین. یانەی رانیە ئەم وەرزە لە كۆی 5 یاری، 2 بردنەوە و 3 دۆڕانی هەیە و بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزەندی دێت.

پیشەسازی ـ هەندرێن
ئەم یارییە لە دێربی پایتەخت دەكرێت، دۆخی ئەم دوو یانەیە لەم وەرزە بە تەواوەتی لە یەكتر جیاوازە، هەندرێن كە پێشتر لە وەرزی 2010 ـ 2011 نازناوی خولی نایابی كوردستانی بردەوە ئەم وەرزە دۆخی خراپە و هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە، لەبەرامبەردا پێشەسازی كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە بووەتە ئەسپەڕەشەكەی خولەكە و لە كۆی 4 یاری، 3 بردنەوە و بەرامبەربوونێكی هەیە و شەڕی گەیشتن بە پێشەنگی خولەكە دەكات.

برایەتی ـ ئاكرێ
یانەی برایەتی پێش ئەم یارییە گورزێكی خراپی بەركەوت و سەركەوتنەكەی گەڕی رابردووی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر بە دۆڕان بۆ هەژمار كرا، ئەمەش دۆخێكی خراپی لە نێو یاریزانانی سەوزپۆشەكانی پایتەخت دروست كرد، چونكە تیپەكە لە ركابەریكردنی پێشەنگی خولەكە هەنگاوێك دووركەوتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندییەوە بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی دادەبەزێت.
لە بەرامبەردا یانەی ئاكرێ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی كوردستان بە راهێنەرایەتی وەلید محەمەد یەك یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی كردووە و یارییەكەشی دۆڕاندووە ئەم یارییە دەبێتە دووەمین یاریی ئاكرێ لە دووری هاندەرانی و بە ئومێدی ئەوەن یەكەمین سەركەوتن لەم وەرزە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان تۆمار بكەن و سەرلەنوێ ركابەری بردنەوەی نازناوەكە بكەنەوە.