لویس ساکۆ بۆ سەرکردەکانی جیهان: لەوە زیاتر بەنزین بە ئاگری شەڕدا مەکەن

لویس ساکۆ
لویس ساکۆ

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان نامەیەک ئاراستەی سەرکردەکانی جیهان دەکات و دەڵێت: زەیت مەکەن بەسەر ئاگری شەڕ لە ناوچەکدا.

سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان نامەیەک ئاراستەی سەرکردەکانی جیهان دەکات و دەڵێت: سێ بەشی هاووڵاتییانمان لەدەست دا، ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت و نەگەین بە ئاشتی و ئارامی، ئەوەی ماوە ئەویش لەدەست دەدەین.

لویس ساکۆ دەڵێت: جێی خەمباری و دڵگرانییە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست شەڕ و ململانێکانەوە دەناڵێنێت، وەک ئەوەی لە فەڵەستین و لوبنان و ئێستاش لە سووریا ڕوو دەدات، دەڵێت: بارودۆخێکی زۆر خەمناکە کە ئەو  ململانێیانە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس بەتایبەتیش لە هاووڵاتییانی مەدەنی، لەگەڵ ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان.

پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان لە نامەکەی بۆ سەرکردەکانی جیهان دەڵێت: ئێمەی مەسیحییەکان ڕۆڵەی ئەو خاکەین، سێ بەشی ژمارەمان لەدەستدا، بەشەکەی ماویشە لەناودەچێت ئەگەر ئاشتی و ئارامی نەگەڕێتەوە.

لویس ساکۆ دەڵێت: لەسەر وڵاتانی دراوسێیە پابەند بن بە بنەماکانی مرۆڤایەتی و نیشتمانی، ناوچەکە لە فیتنەی تایفی و دابەشبوون بپارێزن، کار بکەن بۆ هێورکردنەوە وزیاد نەکردنی ئاڵۆزییەکان، سووتەمەنی نەکەن بە ئاگری شەڕ.

دەشڵێت: بەرپرسیارەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و وڵاتانی زلهێزە زۆر بەخێرایی و ڕاستگۆیی دەست بە جووڵە بکەن و ڕۆڵی ناوبژیکار ببینن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هەمیشەیی بۆ ئەو وڵاتانە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هاووڵاتییان لەسەر خاک و نێوماڵی خۆیان بە ئاشتی و ئارامی و ڕێزەوە بژین.