باسم عەوادی: حكوومهتی عێراق كار بۆ بهرزكردنهوهی ئاستی هێزه ئهمنییهكان دهكات
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە بڕی 31 ملیار دینار لە بوودجەی فریاگوزاریی بگوازێتەوە سەر بوودجەی وەزارەتی ناوخۆ لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوە و دوورخستنەوەی مەترسییەكان و باشتركردنی سنوورەكان.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە؛ ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات، وایکردووە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و حكوومەتیش كار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی سنوورەکانی عێراق بکەن.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، گوتی: وەزارەتی دارایی وڵاتەکەمان ڕاسپێردراوە بڕی 31 ملیار دینار لە بوودجەی فریاگوزاریی بگوازێتەوە سەر بوودجەی وەزارەتی ناوخۆ لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوە و دوورخستنەوەی مەترسییەكان و باشتركردنی سنوورەكان.
شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ پاراستنی سنوورمان لەگەڵ سووریا کۆمەڵێک ڕێکاری خۆپارێزمان گرتووەتەبەر لەوانە؛ خەندەقێکمان لێداوە، لە ڕێگەی تاوەر و کامێراوە توانیومانە ناوچە سنوورییەکە کۆنترۆڵ بکەین، هەروەها پشت بە هەواڵگرییەکان دەبەستین بۆ ئەوەی ڕێگری لەو گرووپانە بکەین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە سنووری عێراق نزیک ببنەوە، بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە، ئێمە دەستمان بە هەموو شوێنک دەگات لەسەر سنوور، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر عێراق بە تووندی بەرپەرچی دەدەینەوە.