جارێکی دیکە یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک دواخرا

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەركووک
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەركووک

 جارێکی دیکە دادگای کاڕگێریی بەغدا بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکی بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخست.

چوارشەممە، 04-12-2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دادگای کارگێڕیی بەغدا، بڕیاڕدانی لەبارەی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی تایبەت بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخست، چونکە دادوەر داوای کردووە تەواوی بەڵگەکان کۆ بکرێنەوە، تاوەکوو بریاڕی کۆتایی لەسەر بدات."

سکاڵاکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی عەرەبی و بەرەی تورکمانییەوە تۆمار کراوە و ئەمە بۆ پێنجەمین جارە بڕیاردان لەسەری دوا دەخرێت. 

ئەنجامی کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.