مەحموود محەمەد: ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبینەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ دەبینەوە.

چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیاند: ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ دەبینەوە، ئەو لێدوانەی گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی شەممە، 30-11-2024، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چوو و  پێکەوە باسیان لە بابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت، کردووە." 

هەر وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو"هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش."

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لەبارەی گرنگی بوونی لێکگەیشتنی باش بۆ بەردەوامیی کۆبوونەوەکان، هاوڕابووین."