شارەوانی خەبات دەستی بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە کرد
سەرۆکایەتیی شارەوانیی خەبات دەستی بە هەڵمەتی کۆ کردنەوەی سەگی بێلانە کرد و تا ئێستا 157 سەگی کۆ کردووەتەوە.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، دلاوەر فەتاح، سەرۆکی شارەوانیی خەبات، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی راگەیاند "لە دوێنێ سێشەممە 3ی کانوونی یەکەمەوە دەستمان بەکۆکردنەوەی سەگی بێلانە لەنێو قەزای خەبات کردووە، دەڵێت: تەواوی سەگە بێلانەکانی ئەو سنوورە کۆ دەکەینەوە، تاوەکو ئێستاش 157 سەگ کۆ کراونەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 650-700 سەگ لەو سنوورە هەن."
دلاوەر فەتاح، ئاماژەی بەوەش کرد " تیمەکان لەکاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ تاکوو 2ی شەو بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەگەڕێن؛ دەبێت لەماوەی هەفتەیەکدا گشت سەگەکانی ئەو سنوورە کۆ بکرێنەوە و ڕەوانەی پەناگەکەی هەولێر بکرێن."
سەرۆکی شارەوانیی خەبات ئاماژەی بەوە کرد "ڕۆژانە هاوڵاتییان پەیوەندییان پێوەدەکەن و داوادەکەن سەگەبێلانەکان لەکۆچە وکۆڵانەکان نەهێڵرێن، هەر بۆیە لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەگی بێلانە پەناگەیەک لە هەولێر بۆکۆکردنەوەیان دروست کرا."
پەناگەی سەگە بێلانەکانی هەولێر کەوتۆتە سەر ڕێگای، هەولێر- گوێر و ڕووبەرەکەی 20 دۆنم زەوییە و15 کیلۆمەتر لەناوەندی هەولێرەوە دوورە.