وەزارەتی دارایی گشت خەرجیی دامودەزگەکانی حکوومەتی هەرێم ڕادەگرێت
بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و گەیاندنیان بە وەزارەتی دارایی، بڕیار درا بە ڕاگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان لە سبەینێوە تاوەکو کردنەوەی خەرجیی ساڵی دارایی 2025.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دارایی ژمارە (8) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی خەرجیی دامودەزگە حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە "ڕاگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لە سبەینێوە تاوەکو کردنەوەی خەرجیی ساڵی دارایی 2025."
لە خاڵێکەی دیکەی ڕێنماییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ڕاگرتنی خەرجییەکان (مووچە، پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە، خاوێنکردنەوە، خواردن، دەرمان، پێداویستیی پزیشکی ئەوانەی تەرخانکراوی داراییان هەیە) ناگرێتەوە، هەروەها ڕاگرتنی خەرجییەکان بە هەمان شێوە تەمویلکردنی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگەکان ناگرێتەوە."
هەروەها وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم دامودەزگەکانی حکوومەت دەکات، هیچ نووسراوێکی داواکاری خەرجی لە سبەینێوە ئاراستەی وەزارەتەکە نەکەن و چونکە کاریان لەسەر ناکات.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی ژمێرەی کۆتایی لە (2/1/2025) دەست پێ دەکات تاوەکو (31/1/2025).