زانکۆی ڕاپەرین 104 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی ناردە ماڵەوە
ئەنجوومەنی زانکۆی ڕاپەرین 104 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست، کە لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو بوو، ناردە ماڵەوە .
سەرچاوەیەک لە زانکۆی ڕاپەرین بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی پێنجشەممە، 05-12-2024ـی ئەنجوومەنی زانکۆ، لە کۆی 395 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست کە لە ماوەی ڕابردوودا، فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو بوو، بە 104ـیان گوترا بڕۆنەوە ماڵەوە و دەوام نەکەن تاوەکوو ئاگادارتان دەکەینەوە."
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکاتە گرێبەست، بەڵام لە زانکۆی ڕاپەین دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر لە گرێبەستەکان دوور لە ڕێنماییەکانی نەنجوومەنی وەزیران و بە خزمخزمێنە و تەزکییەی حزبی کراون.
ئەو کات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لیژنەیەکی لەسەر شێوازی دامەزراندنی گرێبەستەکان پێک هێنا و بڕیاری دا پێداچوونەوە بە شیاویی ناوی دامەزراوەکان بەپێی ڕێنماییەکان بکات، بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی زانکۆی ڕاپەرینیش، دوای لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە دێت.