وەزیری ناوخۆ: حکوومەت و خەڵکی کوردستان لە بیانووەکانی بەغدا بێزار بوونە
سیستەمی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە وتاوانی هەرێمی کوردستان، بە ئەلیکترۆنی دەکرێت، کە بەهۆیەوە کات و خەرجی زۆر دەگەڕێنێتەوە.
پێنجشەممە، 5-12-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بەرهەمی یەکێک لەو هەنگاوانە دەبینین، کە لە مەودوا پەنجەمۆر وەرگرتن و شیکردنەوەی داتا و ئەرشیف کردنی داتاکان بەشێوەیەکی دیجیتاڵی دەبێت، ئەمەش کات و خەرجی کەمتر دەوێت." گوتیشی: "جێی دڵخۆشییە ئەو پسپۆڕانەی بەڵگە و تاوان کە لێرە کاردەکەن جێی پەنجەیان دیار بووە، هەروەها زۆرجار لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە داوای هاوکاری لە پسپۆڕانی ئێمە دەکرێت، بۆ ئەوئەی هاوکارییان بکەن لە ناسینەوەی بەڵگەکانی تاوان."
ڕێبەر ئەحمەد، باسی لەوەش کرد، "ئەو ئامێرانەی ئێستا لەبەردەستی ئەو پسپۆڕانەن ئامێری هەرە پێشکەوتوون، کە ڕەنگە هێشتا پێوستیان بە دابینکردنی هەندێک کەلوپەل و ئامێری دیکە هەبێت." گوتیشی: "پسپۆرەکانی تاقیگەی کیمیایی هەواڵیکی خۆشیان پێ ڕاگەیاندم، ئەویش توانیوویانە جۆرێکی ماددەی هۆشبەریان ئاشکرا بکەن، کە تاوەکوو ئێستا لە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ نەکراوە، بۆیە بەمزووانە ئەو ماددەیەش زیاد بکرێت لە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە ڕەنگە کیشە بۆ دادوەرەکان دروست بێت سەبارەت بەوکەسانەی ئەو ماددانەی پێ دەگیرێت."
سەبارەت بە مووچە، وەزیری ناوخۆ گوتی: "هەندێک شت لە بابەتی یاسایی دەرچووە، بووەتە بابەتێکی سیاسیی، هەروەها زیاتر برسیکردن و ئازاردانی خەڵکی کوردستانە، هەرکێیەک لەپشت ئەو بڕیارەوە بێت، بڕیارێکی هەڵەیە، هەروەها خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناکات، چونکە ئەو بابەتە قووت و ژیانی خەڵکە، بۆیە داواکاری ئێمە ئەوەیە بەزووترین کات ئەو مووچانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت و چیتر بیانوو نەهێننەوە، چونکە ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش بێزاربووین، گوتیشی: ئەوەی نەدەبوو ڕادەستیان بکرێت هەموویان ڕادەست کراوە."
وەزیری ناوخۆ، لەوەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24دا گوتی: "بەداخەوە ئەو دۆخانەی ناوە ناوە لە ناوچەکە دووبارە دەبنەوە، هەمیشە دەبنە فاکتەرێک بۆ زۆربوونی ئاوارە و پەنابەر، ئەگەر ئەو ڕووداوانە بەردەوام بن، ئاوارە و پەنابەریش زیاتر دەبن، هەروەها ئێمە لەهەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەماهەنگی قەیرانەکان هەموو ئامادەکارییەکان بەردەستە، بەڵام تاوەکو ئێستا لێشاوی پەنابەران ڕووی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە."