سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ سوودانی: دەسەڵاتت بەکار بهێنە، 70 ڕۆژە مووچەی هەرێم خەرج نەکراوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەکار بهێنێت بۆ خەرجکردنی کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە 70 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
چوارشەممە، 04-12-2024، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە میوانداریی هەر یەکە لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیرانی دەرەوە، پلاندانان و ناوخۆ دەستی پێ کرد کە دواتر بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-12-2024، دوا خرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەندان پرسیار لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کران.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سوودانی گوت: "70 ڕۆژ تێ دەپەڕێت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مووچەی هەردوو مانگی تشرینی یەکەم و دووەمیان وەرنەگرتووە کە مافێکی دەستووری، یاسایی و شەرعی خۆیانە. لە ڕاستیدا ئەمە کێشەیە و لێکەوتەی نەرێنیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی لێ کەوتووەتەوە."
ڤیان سەبری بە سەرۆک وەزیرانی گوت: "بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە خەرج بکرێت وەکوو هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەوەی 70 ڕۆژ تێ دەپەڕێت، شۆکبووین بەوەی تەنها 760 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە کراوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد "کۆی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان دەگاتە سەرووی 900 ملیار دینار، واتا ئەو بڕە پارەی ئێوە (حکوومەتی عێراق) ناردووتانە زیاتر لە 200 ملیار دیناری لێ کەمە."
لەبارەی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، پرسیاری لە سوودانی کرد: "وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەڵێت، دەسەڵاتی گواستنەوە بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێڕەی یاسای بودجە، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە. پرسیارەکە ئەمەیە، بۆ بەڕێزتان فەرمان بە وەزارەتی دارایی ناکەن گواستنەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی بەگەڕخراوی هەرێمی کوردستان دروست بووە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرانبەر بە یاسای بودجە جێ بەجێ کردووە و نیوەی داهاتە نانەوتییەکانی ناردووە. "
سەرژمێریی دانیشتووان وەکوو ئەوەی ڤیان سەبری باسی کرد "سەلماندوویەتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی، سەدا 14ـیە و لە ڕاستیدا، لە باشترین بارودۆخیشدا زیاتر لە سەدا 5 یان 6ـمان پێ نەگەیشتووە."
لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستانیش، ڤیان سەبری بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوت: "لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوت، کورتهێنان پڕ بکاتەوە و مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات؛ بەڵام بۆ زانیاریی بەڕێزتان و هەموو ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان ئەمە ڕاست نییە، چونکە هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتیشی هەناردە نەکردووە و ئەو نەوتەی بەرهەمی دێنێت بۆ پێدوایستیی ناوخۆ و کۆمپانیا نەوتییەکان بەکاری دەهێنێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد "لەبەر گرنگییەکەی، پێداچوونەیەک لەم بابەتەدا بکەیت، لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیارێتییە دەستوورییەی لەسەر شانتانە بۆ خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەتەوە. "