فەرهەنگێکی یەکگرتووی زمانی کوردی بۆ ناوەندەکانی خوێندن ئامادە دەکرێت

قوتابخانەی شێخانۆک نوێ لە سنووری قەزای ئاکرێ (وێنە: مشتاق کەریم خان)
قوتابخانەی شێخانۆک نوێ لە سنووری قەزای ئاکرێ (وێنە: مشتاق کەریم خان)

وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی ئامادەکردنی فەرهەنگێکی یەکگرتووی زمانی کوردییە و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش ڕایدەگەیەنێت، فەرهەنگەکە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025، تەواو دەبێت.

پێنجشەممە، 5ی کانوونی یەکەمی 2024، حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ماوەیەکی زۆرە کار بۆ فەرهەنگێکی یەکگرتوو لەنێو پرۆگرامەکانی خوێندندا دەکەین. هەنگاوی زۆرمان بڕیوە، بەو پێیەی سەدا 60ـی کتێبەکان گۆڕاون و تەنها سەدا 40ـیان ماون. سەرجەم کتێبەکان دەگۆڕدرێن و چی دیکە کێشەی زمانی یەکگرتوومان نامێنێت."

وەکوو ئەوەی حەسەن سەرتیپ ئاماژەی پێ دا "کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو (2025) فەرهەنگەکە تەواو دەبێت و دەبێتە یەکەمین فەرهەنگی یەکگرتووی زمانی کوردی لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا، کە لە چەندین چەمکی تایبەت بە وانە زانستییەکان پێک دێت."

ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم فەرهەنگە، وەکوو ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە خستییە ڕوو "ڕێکخستنەوەی زمانی کوردییە و دوورکەوتنەوەیە لە هەموو ئەو  گرفتانەی ساڵانێکی زۆرە لە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندندا هەن."

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن " لیژنەیەکی تایبەتمەند کە لە ژمارەیەک مامۆستا، دکتۆر و پرۆفیسۆری شارەزای زمانی کوردی لە گشت شارەکانی کوردستان پێک هاتووە، سەرپەرشتیی ئامادەکردنی ئەو فەرهەنگە دەکات."