لە بۆردومانێکدا لە حمس 20 کەس کوژران

لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکەکانی سووریا و ڕووسیا بۆ سەر چەند شارۆچکەیەکی دەوروبەری حمس 20 کەس کوژران.

ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکای سووریا و ڕووسیا بۆردومانی چەند شارۆچکەیەکی دەوروبەری حمسیان کرد، لە ئەنجامدا 20 هاووڵاتیی سڤیل کوژران، کە 5ـیان هی یەک خێزان بوون.

لە لایەکی دیکەوە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن بۆ داگیرکردنی پارێزگای حمس، هاوکات داوا لە ڕووسیا و چین دەکەن کە پاڵپشتی لە ئیدارەی گەلی سووریا بکەن.

لای خۆیەوە ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و ئاماژەی داوە، به‌هۆی پێشڕه‌وییه‌كانی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و کۆنترۆڵکردنی ژماره‌یه‌ك له‌ شار  و ناوچه‌ له‌ سووریا، زیاتر له‌ 370 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ بوون.

هه‌روه‌ها ڕایگەیاندووە، له ده‌ستپێكی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌وە له‌ 27ـی مانگی ڕابردووه‌وه‌ زیاتر له‌ 700 كه‌س كوژراون.