شێروانی: یەکێتی بەنیازی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە "ئامانج لە پلانەکەی یەکێتی بۆ خۆپیشاندان لە دژی نەهاتنی مووچە لە سلێمانی، تەنها بۆ مەرامی سیاسییە و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە و هیچ پەیوەندییەکی بە داواکارییە ڕەواکانی خەڵکییەوە نییە."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە ئەندازیاری ڕاوێژی بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن بەغدا، دادەندرێت، سەرەڕای ئەوەی بەشدارە لە حکوومەت و ئاگادارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ جێ بەجێ کردووە، ئێستە دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی فشاری شەقام وای نیشان بدات کە حکوومەتی هەرێم لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، کەمتەرخەمە.
سیپان شێراونی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، کە سۆڤان فەرمان پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: "دواخستنی مووچە هیچ بیانووەک هەڵناگرێت، دەبێت لە بەغدا خۆپیشاندان دژی پێنەدانی مووچە بکرێت نەک لە سلێمانی؛ نابێت قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەران بۆ مەرامی سیاسییە بەکاربهێنرێن."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی "پلانەکەی یەکێتی لە بنەڕەتدا بۆ دابینکردنی مووچە نییە، بەڵکوو دژی خەڵک و مافەکانیانە. ئامانجی سەرەکیی یەکێتی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە لە هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی ئەو خۆپیشاندانە."
شێروانی جەختی کردەوە "چەندان جار حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵیش لەبارەی مووچە وامان زانی، کێشەکە چارە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە نەک تەنها لە عێراق، بەڵکوو لە پارێزگای سلێمانیش پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان کراوە."
وەکوو ئەوەی شێروانی باسی کرد "نوێنەرانی کورد لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق زۆر لێهاتوو و زیرەکن، هاوڕان لەگەڵمان کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سیاسیی کردووە؛ دڵنیام ئەگەر دەستوەردانی حزبی نەبێت، پەرلەمانتارانی کورد بە ئاراستەیەکی زۆر باشتر دەتوانن کار بکەن."
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی بە پێویستیشی زانی "لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، هاوهەڵوێست بن."