حەیدەر شەشۆ لەبارەی شەڕی سووریا: وانەمان لە ڕابردوو وەرگرتووە و هۆشیارین
شەممە، 07-12-2024، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان کە لە دەوروبەری قەزای شێخان، لە نزیک سنوورەکانی سووریا جێگیر کراوە، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕووداو و پێشهاتەکانی ئێستەی سووریا، هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014 بۆ عێراق و داگیرکردنی یەک لە دوای یەکی شارەکانمان بەبێ شەڕ لەگەڵ سوپای عێراق، بەبیر دەهێنێتەوە و پێویستە زۆر هۆشیار بین."
شەشۆ دڵنیایی دا لەوەی "هیچ مەترسییەک لەسەر شنگال نییە تاوەکوو جارێکی دیکە بکەوێتە ژێر دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان، چونکە هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان، سنوورەکان توندوتۆڵ کراون و خەڵکی شارەکەش وانەیان لە ڕابردوو وەرگرتووە و خۆیان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادە کردووە."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت زۆر هۆشیار بین، چونکە ڕووداوەکانی ئێستەی سووریا ئەنجامی پلان و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتین، ئەگەر وانەبوونایە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ئاسانی دەستیان بەسەر هەموو ئەو شارانەدا نەدەگرت."