پەیامنێری کوردستان24 لەسەر سنووری عێراق و سووریا: هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەییەوە

شەممە، 07-12-2024، سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24، لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، لە نزیک ناوچەی قائیم، ڕایگەیاند، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەییەوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو. 

فەرماندەیەکی سەربازیی عێراقی بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هاووڵاتییانمان دڵنیا دەکەینەوە، سنوورەکانمان لەگەڵ سووریای دراوسێ، بە تەواوەتی پارێزراون و ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی درۆن و کامێرای تایبەتەوە، چاودێرییان دەکەین."

فەرماندە سەربازییەکە دووپاتی کردەوە "پاراستنی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق، کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەتایبەت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە."

هەمان سەرچاوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد "دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جووڵەیەکی تیرۆریستان دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانمان، بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە و ناهێڵین بێنە نێو خاکی وڵاتەکەمان."