مورشید خەزنەوی: کوردستان پێنج پارچەیە و پارچەیەکی لە دیاسپۆرایە
مامۆستایەکی ئایینی لە دووەمین کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین گوتی: کوردستان پێنج پارچەیە و پارچەیەکی لە دیاسپۆرایە، دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو کورد لە دیاسپۆرا یەک بێت و خزمەت بە ناوی کوردستان بکەن.
شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، مورشید خەزنەوی، مامۆستای ئایینی بۆ پەیامنێری کوردستان24 لە میانی دووەمین کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین بە ناونیشانی (یەکگرتنی ئێمە سەرکەوتنی ئێمەیە) و کوردستان24 ڕووماڵی دەکات، گوتی: دەڵێن کورد لە چوار پارچە هەیە، من دەڵێم کورد لە پارچەیەکی دیکەش هەیە کە ژمارەیەکی زۆری کوردی سۆفی هەن لەوێدا، ئەیش دیاسپۆرایە، گوتی: لەو کۆنگرەیەدا ئاماژە بەوە دەکەن 200 وڵات نوێنەرانیان هەن، میللەتی کورد لە دیاسپۆرا گەلێک زۆرە، ئەو ژمارە زۆرەی کورد کە لە دیاسپۆرایە، ئەگەر یەکگرتوو نەبن، ون دەبن، گوتیشی: پارچەی پێنجەمی کوردستان لە دیاسپۆرایە و نزیکەی 30 ملیۆن کورد تێیدا دەژین.
مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کوردانەی لە دیاسپۆرا دەژین، خزمەتیان کردووە، بەڵام تەنیا تەنیا خزمەتیان کردووە، بۆیە خزمەتەکەیان لەبار دەچێت ئەگەر یەک ڕیز بن، خزمەتەکەیان بەرهەمی دەبێت، گوتیشی: لە کۆنگرەیەکی وادا و بەیەکەوە، کوردانی دیاسپۆرا خزمەت بە پاراستنی ناسنامەی کورد بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی و دۆستایەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین دروست بکەن.
دووەم کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕێکخراوەکان، سەنتەرە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن.