جۆلانی: هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە ناگەڕێنەوە
سەرۆکی دەستەی تەحریر شام ڕایگەیاند، هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە نەگەڕێنەوە و مکوڕن لەسەر هەنگاونان و بڕینی ئەو ڕێگەیەی لە 2011 دەستیان پێکردووە و داواشی لە چەکداران کرد چیتر تەقەی خۆش نەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا یەکەم پەیامی ئەبو محەممەد جۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شامی بڵاوکردەوە و گوتی "داهاتوو بۆ ئێمەیە".
جولانی دوای چوونە نێو شاری دیمەشق، لە یەکەم پەیامیدا داوای چەکدارانی دەستەکەی کرد، لە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نزیک نەکەونەوە، چونکە سەرجەم دامەزراوە گشتییەکان هەر لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەبێت و ڕایانسپاردووە و بە فەرمی دەسەڵاتە ئیدارەییەکانی لە ئەستۆ دەبێت.
پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵاتیی تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، جۆلانی سەرجەم چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئاگەدارکردووەتەوە کە چیتر تەقەی خۆش نەکەن و دامەزراوەکانی حکوومەتیش بپارێزن.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشقی پایتەخت و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاندن و کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس هێنا.