كوردستان24 چیرۆكی هەڵاتنی دوو یاریزانی شێروانە ئاشكرا دەكات

عادل عەلی راهێنەری شێروانە: ئەگەر ئاسۆ فاتیح ببێتە لیۆنێل مێسیش جارێكی دیكە وەریناگرمەوە

ئاسۆ فاتیح هێرشبەر و هێمن عەلی گۆڵپارێز
ئاسۆ فاتیح هێرشبەر و هێمن عەلی گۆڵپارێز

بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دوو یاریزانی یانەی شێروانە مووچەكانیان وەرگرت و هەڵاتوون، بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئیدارەی یانەكەشیان فریوداوە، بەڵام یەكێكیان بەڵێنی داوە بگەڕێتەوە، راهێنەری یانەی شێروانەش لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 دەڵێت: یەكێكیان ئەگەر ببێتە لیۆنێل مێسیش نامەوێت و وەریناگرمەوە.

یانەی شێروانە بەسەرەتاییەكی بەهێز دەستی بە خولی نایابی كوردستان كردووە و بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ پێشەنگی خولی نایابی كوردستانیان گرتووە، بەڵام شێروانە پێش یاریی داهاتوویان بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر كێشەیان لە پێكهاتەكەیان بۆ دروست بوو.

وردەكاری چیرۆكی هەڵاتنەكە
هێمن عەلی گۆڵپارێز و ئاسۆ فاتیحی هێرشبەر هەردووكیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن و لە سنووری پارێزگای كرماشان پێگەیشتوون، ئەم دوو كوردەی رۆژهەڵاتی كوردستان یەكەمین ئەزموونیان لە رێگەی یانەی شێروانە لە خولی كوردستان تاقی كردەوە، بەڵام پێش یارییەكەی رۆژی سێشەممە، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو یانەكەیان جێهێشتووە.
 بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی كوردستان24، هێمن گۆڵپارێزێكی سەرەكی یانەكە بووە، بەڵام ئاسۆ یەدەگ بووە و یەدەگیشی پێ قبوڵ نەبووە و كاریگەریشی لەسەر هێمنی هاوڕێی دروست كردووە و بۆ ئەوەی بەیەكەوە لە یانەكە هەڵبێن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، هێمن عەلی و ئاسۆ فاتیح مووچەكانیان وەرگرتووە، تەنانەت هێمن بەبیانووی ئەوەی دایكی نەخۆشە 3 ملیۆن دیناری دیكەی لە ئیدارەی یانەی شێروانە وەرگرتووە و بەپێ پرسی یانەكەش بەرەو رۆژهەڵاتی كوردستان گەڕاونەتەوە.


 

راهێنەری یانەی شێروانە چی دەڵێت؟
عادل عەلی راهێنەری یانەی شێروانە لەبارەی ئەم بابەتە بە كوردستان24ـی راگەیاند كە هیچ كێشەیەكی كەسی و تایبەتی لەگەڵ ئەو دوو یاریزانە نەبووە، دەشڵێت: هێمن عەلی یەكێكە لە باشترین گۆڵپارێزەكان و زۆر پێویستیم پێیەتی، بەڵام ئاسۆ ئەگەر ببێتە مێسیش جارێكی دیكە وەریناگرمەوە.
لە وەڵامێكی دیكەی كوردستان24، راهێنەری یانە گەرمیانییەكە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو دوو یاریزانە هەموو پێداویستییەكانیان بۆ جێبەجێ كراوە و زۆر رێزیان لێ گیراوە، دەشڵێت: پێش ئەم وەرزە من خۆم چوومە ئێران بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ بكەن، بەڵام بەرێككەوتنی هەردوولا بڕگەیەكم لە گرێبەستەكەی ئاسۆ جێگیر كردبوو ئەگەر لە مانگی یەكەم ئاستێكی بەرز پێشكەش نەكات، رێككەوتنەكەمان هەڵدەوەشێتەوە، دواتر هەستم كرد ئاستی ئاسۆ وەكو پێویست نییە، بەڵام وەكو رێزێك ئەو یاریزانەم بۆ مانگی دووەمیش لە یانەكە هێشتەوە و مووچەكەشیان وەرگرت، هەرچەندە پێویستیشم بە ئاسۆ نەبووە، تەنانەت هەر لە دەستپێكی ئەم وەرزە رێگەم دا بڕوات، بەڵام ئەو مانەوەی هەڵبژارد و منیش رێزم لێ گرت.
عادل عەلی كە لەلایەن دێسكی وەرزشی كوردستان24 بە باشترین راهێنەری مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستان دیاریكرا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات دوای ئەو رووداوە بەهیچ شێوەیەك ئاسۆ وەرناگرێتەوە، دەشڵێت: بەڵام دەرگای یانەكەم بەڕووی هێمن عەلی گۆڵپارێز كراوەتەوە، چونكە یاریزانێكی پابەند و گوێڕایەڵ و ئاستبەرزە.


شێروانە نوێنەرێكی خۆی ناردووەتە رۆژهەڵاتی كوردستان

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە ئەمڕۆ یانەی شێروانە نوێنەرێكی خۆی بۆ ماڵی هێمن عەلی ناردووەتە شارۆچكەی روانسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو گۆڵپارێزە دانیشتوون و بەڵێنی گەڕانەوەی بە یانە كەلارییەكە داوە.
هێمن عەلی خەڵكی ڕوانسەرە و ئاسۆ فاتیحیش خەڵكی جوانڕۆیە و هەردووكیشیان لە سنووری پارێزگای كرماشان دەژین، هێمن بەشێوەی سەرەكی بەشداریی سەرجەم یارییەكانی ئەم وەرزەی یانەی شێروانە كردووە، بەڵام ئاسۆ فاتیح كە بە ئاسۆ تەیمور ناسراوە لە یاریی یەكەمی ئەم وەرزەی شێروانە بەرامبەر هەندرێن بەشێوەی سەرەكی یاریی كرد و لە خولەكی 81 گۆڵێكی كرد، دواتر بۆ یاریی دووەمیش بەشێوەی سەرەكی بەرامبەر رزگاری یاریی كرد، بەڵام هیچ گۆڵێك و ئاسیستێكی نەكرد و وردە وردە متمانەی راهێنەری لەدەست دا و كرایە یاریزانێكی یەدەگ.