لە خولی نایابی كوردستان چاوەڕوانی گەڕێكی ئاگرین بكەن

پیشەسازی دوای 353 رۆژ جارێكی دیكە سەردانی گەرمیان دەكاتەوە و رووبەڕووی یانەی رزگاری دەبێتەوە

گەڕی حەوتەمی خولی نایابی كوردستان دەست پێ دەكات
گەڕی حەوتەمی خولی نایابی كوردستان دەست پێ دەكات

لە گەڕی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان چەندان رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی تێدایە كە بڕیارە سبەی دووشەممە ئەم گەڕە بە ئەنجامدانی 3 یاریی دەست پێ بكات، لە یاریی لوتكەدا رزگاری و پیشەسازی كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتوون بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیاندا لەم خولە بەیەك دەگەن.

رزگاری ـ پیشەسازی

یانەی پیشەسازی دوای 353 رۆژ جارێكی دیكە سەردانی گەرمیان دەكاتەوە و رووبەڕووی یانەی رزگاری دەبێتەوە، بەوپێیەی دوایینجار لە خولی پلەیەكی كوردستان لە رۆژی 21/12/2023 بەرامبەر یەكتر یارییان كردووە، ئەوكاتیش یارییەكە لەنێو یاریگەی رزگاری بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هاتبوو.

ئەم دوو یانەیە وەرزی رابردوو پلەكانی یەكەم و دووەمی خولی پلەیەكی كوردستانیان گرت و بۆ یەكەمجار لە مێژوویاندا بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتن.

پیشەسازی بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت و بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی خولی نایابی كوردستانی گرتووە، لەبەرامبەردا یانەی رزگاری لە كۆی 5 یاری 2 سەركەوتن و 2 یەكسان و شكستێكی هەیە و بە كۆكردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی دێت.

زاخۆ ـ برایەتی

ئەم دوو یانەیە دۆخی دەروونیان بە تەواوەتی جیاوازە، برایەتی هەفتەیەكی بەئازاری تێپەڕ كرد، بەوپێیەی ئەو 3 خاڵەی بەرامبەر پێشمەرگە بەدەستیهێنا لێ وەرگیرایەوە، ئەمەش كاریگەرییەكی خراپی بۆ یاریی دواتریش دروست كرد و كاتێك لە نێو یاریگەی خۆیان بەرامبەر ئاكرێ تووشی شكست بوون.

لە بەرامبەردا زاخۆ لە دۆخێكی دروونی باش دایە و لە گەری رابردووش توانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەخاڵێک لە یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر بگەڕێتەوە، ئەمەش دۆخیكی جێگیری لە یانەكە دروست كردووە و بەبێ هیچ كێشەیەك بۆ میوانداریكردنی برایەتی ئامادەن.

 زاخۆ خاوەنی 11 خاڵە و لە خانەی چوارەمی ریزبەندییەکە دێت و تەنیا 2 خاڵ لە یانەی پیشەسازی دووەمی ریزبەندی دوورە، لەبەرامبەردا یانەی برایەتی لە كۆی 6 یاری، تەنیا 2 سەركەوتنی بۆ هەژمار كرا و بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ بۆ خانەی دەیەمی ریزبەندی دابەزیوە.

ئاکرێ ـ هەندرێن

یانەی ئاکرێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەندرێن دەکات، ئاکرێ بە راهێنەرایەتی وەلید محەممەد خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، کوڕانی ئاکرێ بە پاڵپشتی هاندەرانیان دەیانەوێت ئەنجامێکی باش بەدەدستبێنن و دۆڕانی گەڕی رابردوو بەرامبەر پیشەسازی لە بیری هاندەران ببەنەوە، بەڵام ئەمە ئاسان نییە، چونکە بەرامبەر یانەیەک یاری دەکات شەڕی مان و نەمان دەکات و لە دۆخێکی خراپ دایە، چونكە هەندرێنی نوێنەرەكەی پایتەخت لە ئەگەری هەر ئەنجامێكی خراپ رەنگە مەترسی لەسەر دوورخرانەوەی راهێنەرەكەی دروست بكات، بەوپێیەی یانەكە بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعروف بە خراپترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێت و لەم وەرزە هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە.