نیویۆرک تایمز: لەوانەیە ئەمەریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی سووریا بکات

ژمارەیەک سەربازیی ئەمەریکی لە سووریا (وێنە: AFP)
ژمارەیەک سەربازیی ئەمەریکی لە سووریا (وێنە: AFP)

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەگەر هەیە بۆ پارێزگاریی لە چەکە کیمیاییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەمەریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی سووریا بکات.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا، ئاماژەی بەوەش داوە "ئەمەریکا وردەکاریی تەواوی دەربارەی کۆگاکانی چەکی کیمیایی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا لایە بۆ پارێزگاریش لێێان، دەیەوێت بڵاوە بە هێزی زیاتر لە سووریا بکات."

هــەمان سەرچاوە ڕوونیشیان کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەرکوتکردنی هەڕەشەکانی داعش، لە سووریا دەمێننەوە و پارێزگاری لە بنکەکانیان دەکەن.

چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی، هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە؛ بەرەبەیانیی یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.