سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی: سووریا سییەکانی عێراقە

دووشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، شێخ هومام حەمودی، ڕایگەیاند، سووریای نوێ دەبێت سەرەتا لە دیدگەی خۆیەوە دەست پێ بکات کە خۆشەویست و دڵسۆزی  نیشتمانەکەی بێت، هەروەها دڵسۆزیی بۆ میللەت و بەرژەوەندییەکانیی وڵاتەکەی هەبێت.

ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا شێخ هومام حەمودی ڕایگەیاندووە "سووریا سییەکانی عێراقە، ئەو ناوچەیە ڕاست نابێتەوە تەنیا بە سەقامگیریی نەبێت، ئەمەش وامان لێ دەکات هەمیشە بایەخ بە هەموو حاڵەتێکی نائاساییدا بدەین، هەروەها ڕژدین لەسەر سەقامگیریی و ئاسایش و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی گەلەکەی."

ئاماژەی بەوەش کرد "هیوادارین گۆڕینی ڕژێمی سیاسی لە سووریا ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕانی دیموکراسیی هۆشیارانە کە یەکێتی و پێگەی سووریا و گەلەکەی بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بپارێزێت، هەروەها بەشدارییەکی دادپەروەرانەی حوکمڕانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێتە ئاراوە."

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە "سووریای نوێ دەبێت خۆشەویست و دڵسۆزی نیشتمانەکەی بێت، هەروەها دڵسۆزیی بۆ میللەت و بەرژەوەندییەکانیی وڵاتەکەی هەبێت بە شێوەیەک کە ئاشتی و سەقامگیری و دەرفەتەکانی پێشکەوتن بۆ هەمووان بڕەخسێنێت."