ڕێباز حەملان: دەست بە دابەشکردنی مووچەکان دەکرێت
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ لە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 12 یان گەیاندووەتە وەزیری دارایی عێراق و وەزیری داراییش ڕەوانی وردبینیی کردووە.
دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بە زووترین کات دەست بەدابەشکردنی مووچەکان دەکرێت و سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانی کرد.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، سهرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، شەو و رۆژی خستوەتە سەر یەک لە پێناو مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێم، بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، محمد شیاع سودانی لەسەر هێل بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کورتهێنان.
ڕێباز حەملان ڕایدەگەیەنێت: پاش گفتوگۆیەکی زۆر لە بەغدا و پێداچوونەوەیەکی زۆر وردەکاری لەسەر تەرخانی بودجەو مووچەی هەرێم و فەسڵ و ماددەکانی بودجە، وەک یەک تیم لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری نیشتەجێکردن و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگری ئەمیندارییەتی گشتی و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد و خۆی لە وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگیی و کاری رۆژانەو بەردەوامیان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سکرتێری ئەنجوومەن و فەرمانگەی هەماهەنگی و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم توانیوویانە،مووچەی مانگی 10سەرف بکرێ کە 761 ملیار دینارە و مووچەی مانگی 11 کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرف دەکرێت کە نزیکەی 759 ملیار دینارە، لە هەمان کاتدا گواستنەوەیەک لە تەرخانکراوی هەرێم لە فەسڵی نۆ دەکرێت بۆ سەر فەسڵی یەکی مووچە، بۆ پرکردنەوەی بەشێکی کورتهێنانی مووچە ، مووچەی هەرێم پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک .