باسم عەوادی: دۆخی سووریا مەترسی بۆسەر عێراق دروست كردووە

باسم عەوادی
باسم عەوادی

باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق بە مێدیای فەرمی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، دۆخی سووریا گۆڕانكاری بەسەردا هات و گۆڕانكارییەكانیش مەترسی بۆسەر عێراقیش درووست كردووە.

دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند: سووریا بە قۆناغەكانی دوای 2003ـی عێراق تێپەر دەبێت، گوتیشی: عێراق دەستوەردانی سەربازیی لە سووریا نەكرد و بژاردە و بڕیاری كۆتایی بۆ گەلی ئەو وڵاتە جێهێشت، دەشڵێت، هیچ پاڵپشتییەكی دارایی، هەواڵگری و سیاسی سووریامان لە دژی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی ئەو وڵاتە نەكردووە.

عەوادی دووپاتیشی كردەوە، رەنگە گرووپە چەكدارەكان لە رێگەی پیلانگێڕییەوە عێراق بە ئامانج بگرن. گوتیشی، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی عەرەبی فراوان لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەبارەی دۆخی سووریا بەڕێوە دەچێت.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دووپاتیشی كردەوە، بەرگریی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی لە دابەشبوونی سووریادا و رایگەیاند، هەنگاوێكی مەترسیدارە و كاریگەری بۆسەر كۆی ناوچەكە دەبێت .

گوتیشی: هەر هێزێك هێرش بكاتە سەر عێراق، دەرگای دۆزەخی بە ڕوودا دەكەینەوە.