بەغدا بڕێکی دیکەی پارەی بۆ مووچەی دوو مانگی هەرێمی کوردستان تەرخان کرد
وەزارەتی دارایی عێراق، 430 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرد.
سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وەزارەتی دارایی عێراق، 430 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچەی هەر دوو مانگی 10 و 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرد."
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە "بە خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە، کێشەی کورتهێنان لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ بڵاو کردەوە و ئەوەی خستە ڕوو "بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکان دەکرێت و سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی مووچەخۆران و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانی کرد."
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کرد "سهرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک لە پێناو مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی لەسەر هێڵ بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کورتهێنان."