گێر پیدرسەن: دۆخی سووریا سەقامگیر نییە و ئابوورییەکەی وێرانە

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، هێشتا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەسەدە درێژەی هەیە، لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیلیش بەردەوامە لە پێشڕەویی و بۆمبارانی خاکی سووریا.

گێر پیدرسەن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند "شەڕی باکووری سووریا هێشتا تەواو نەبووە، واتە هێشتا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەسەدە بەردەوامە، ئێمە داوای هەماهەنگی و ئارامی دەکەین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا."

گوتیشی: "دۆخی سووریا هەستیارە، لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیلیش بەردەوامە لە پێشڕەویی و بۆمبارانی خاکی سووریا، بۆیە پێویستە ئیسرائیل بوەستێت." دەشڵێت: "من باسی سێ پەیامم لەسەر دۆخی سووریا هەیە،  دەبێت سوور بین لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، هەروەها داوام لە لایەنە سەربازی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کردووە، حوکمی یاسا بسەپێنن و ڕێز لە مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرن."

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ئاماژەی بەوەش دا "من گوێم لە بەیاننامەی دەستەی تەحریر ئەلشام بوو، کە دەیانەوێت هاووڵاتیان دڵنیا بکەنەوە لەوەی هەموویان بەشداریی لە حکوومەتی داهاتووی سووریا دەکەن، بەکەمینەکانیشەوە."

پیدرسەن، جەختیشی کردەوە، "دەبێت سەرنجمان لەسەر حکوومەتی ڕاگوزەری دیمەشق بێت، هەروەها بۆ پێکهێنانی ئەو حکوومەتە، پێویستە ڕێکخستنێکی یاسایی هەبێت، هەروەها گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە هەموو لایەک بەشداریی حکوومەتی داهاتووی سووریا بکەن."

باسی لەوەش کرد "ئەگەر هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتدا بەشدار نەبن، ڕەنگە کێشە و ئاڵۆزیی دیکە بێتە ئاراوە، ئەو قسەیەش بەهەموو گرووپەکان گەیەندراوە، هەروەها ئەگەر هەموو لایەک پێکەوە کاربکەین دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ سووریا."

دەشڵێت: "ئەگەر سوورییەکان یەک بگرن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانیان دەکات و ڕەنگە سزاکانیان لەسەر هەڵبگرێت؛ ئەو سزایانەی بەسەر بەشار ئەسەد دا سەپێندرابوون، بۆیە هەڵپەساردنی سزاکان دەبێتە هۆیەک بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووریی سووریا و گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە کە بەهۆی شەڕەوە خاکی سووریایان جێ هێشتبوو."

پیدرسەن گوتیشی: "خاکی سووریا زۆر دەوڵەمەندە، بەڵێنیش دەدەم نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی کارەکانی حکوومەتی ڕاگوزەر بەباشی بەڕێوە بچێت."

پیدرسەن، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دۆخی پەنابەرانی سووریا لە ئەورووپا، گوتی: "دۆخی سووریا زۆر هەستیارە و سەقامگیر نییە، هەروەها قسەم لەگەڵ سوورییەکان کردووە ئەوان دڵخۆشن بە داهاتووی سووریا، بۆیە زورینەی سوورییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام هێشتا دۆخەکە سەقامگیر نییە و ئابوورییەکەی زۆر وێرانە."