یەکێتی ئەوروپا دژی رووسیا و چین هاتە دەنگ
بەهۆی کۆرۆنا رەخنە لە هەردوو وڵات دەگرێت
K24- هەولێر:
لە راگەیەندراوێکدا، یەکێتی ئەوروپا، رووسیا و چین بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبار دەکات.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوەکردووە، چەند وڵاتێک بە تایبەت رووسیا و چین، لە چەند کەمپینێک و ئۆپەراسیۆنێکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و یەکێتی ئەوروپا تێوەگلاون.
یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، مەبەست لەو جۆرە کارانە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروستە تاوەکو زیان بە چەند لایەنێک بگەیەنرێت.
داواش لە کۆمپانیاکانی فەیسبووک، تویتەر، گووگڵ و یوتیوب دەکات، کاری زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە بکات چونکە زانیارییە هەڵەکان، زیانیان بە تەندروستی خەڵک و دامەزراوە تەندروستییەکان گەیاندووە.
پێشتریش ئەوروپا چەند وڵاتێکی بەوە تۆمەتبار کردبوو، بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەیانەوێت دەستێوەردان لە کارەکانی یەکێتی ئەوروپا بکەن.
DW