دیارترین 5 رووداوی ئەم هەفتەیەی خولی نایابی كوردستان

راهێنەری سەیدسادق: ناتوانم بەم دۆخە تیپەكەم راستەڕێ بكەم

هۆگر یوسف كاپتنی شەقڵاوە دوای گۆڵەكەی لە چوارقوڕنە لەگەڵ هاوڕێیەكی ئاهەنگ دەگێڕێت
هۆگر یوسف كاپتنی شەقڵاوە دوای گۆڵەكەی لە چوارقوڕنە لەگەڵ هاوڕێیەكی ئاهەنگ دەگێڕێت

گەڕی حەوتەمی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات، یانەكانی شەقڵاوە و هەولێر یەكەمین سەركەوتنیان لەم وەرزە بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا یانەكانی شێروانە و پیشەسازی تووشی یەكەمین شكست بوون.

سەركەوتنێكی دراماتیكی بۆ هەولێر

هەولێر دوای 4 شكست، بە ئامانجی یەكەمین سەركەوتن لەم وەرزە سەردانی یاریگەی مەحموودی مامە عەزەی كرد لە دەربەندیخان.

بە درێژایی كاتی ئاسایی و 90 خولەكی یارییەكە هیچ لایەك نەیتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام هەولێرییەكان سوودیان لە پێنج خولەكی زیادكراوی كۆتایی یارییەكە وەرگرت، كاتێك عەلی كاروان لە خولەكی 93 بەربەستی یەكسانبوونی شكاند و گۆڵی پێشكەوتنی بەرگسپییەكانی پایتەختی تۆمار كرد.

دواتر پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات بە دیاریكراوی لە خولەكی 96 محەمەد هاوار گۆڵی دووەمی تۆمار كرد و یەكەمیان سەركەوتنیان لەم وەرزە بۆ یانەی هەولێر تۆمار كرد، لە بەرامبەردا یانەی دەربەندیخانیش دووەمین یاریی لەم وەرزە لە نێو یاریگەی خۆی دۆڕاند.

 

 

سەیدسادق هەفتەیەكی دیكەی ناخۆشی تێپەڕ كرد

یانەی سەیدسادق ئەم هەفتەیەش هاندەرانی نائومێد كرد و لە نێو یاریگەی خۆی دیسان تووشی شكست بوو، لەم یارییە بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بە یانەی سیروانی نوێ دۆڕا، گۆڵی یارییەكەش لە لایەن ماركۆ محەمەد لە خولەكی 31 تۆمار كرا.

بەمەش سیروانی نوێ سێیەمین سەركەوتنی لەسەریەكی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ پلەی حەوتەمی گرت، لە بەرامبەردا یانەی سەیدسادق لە كۆی 7 یاری، تەنیا 2 خاڵی هەیە و لە خانەی كۆتایی دێت.

 

 

راهێنەرە عەرەبەكەی یانەی سەیدساق بەڵێن نادات

راهێنەری یانەی سەیدسادق دوای شكستەكەی ئەمڕۆی یانەكەی بەرامبەر دەربەندیخان رایگەیاند هیچ بەڵێنێك نادات كە ئەنجامەكان باشتر بكات، دەشڵێت: لەوەتەی لە دەستپێكی ئەم وەرزەوە یانەكەم وەرگرتووە بەردەوام دڵنیایی دەدەن كە ئەمە دوایین یاریی دەبێت و كێشەكانتان بۆ چارەسەر دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەموو كێشەكان وەكو خۆی ماوەتەوە، خۆشتان دەزانن توانای ئێمە سنووردراوە و ژمارەیەكی دیاریكراوی یاریزانمان لەبەردەستە و ناتوانن ركابەرییەكی باش بكەین.

راهێنەرە عەرەبەكەی سەیدسادق گوتیشی: هەرچەندە بەرامبەر یانەی هەولێر لە دەستپێكەوە زۆر باشبووین، بەڵام ئامادەكارییەكانی ئێمە بۆ ئەم وەرزە وەكو پێویست نەبوو، ئەوان یەدەگی باشیان هەبوو، لە هەموو روییەكەوە جیاوازن لە تیپەكەی ئیمە. بۆیە ناتوانم بەم دۆخە بەڵێن بە هاندەران و ئیدارە بدەم كە تیپەكە راست بكەمەوە، چونكە بەشێكی زۆر لە یاریزانە باشەكان یانەكەیان جێهێشتووە.

راهێنەری سەیدسادق گوتیشی: بۆ خۆمان ئەمە حاڵمانە، لەولاشەوە ناوبژیوان زوڵمی لێكردین و لێدانێكی پێناڵتی سەد لە هەزاری بۆ نەگرتین، ئەگەر دەزانن ناوبژیوانەكان ئاستیان باش نییە بۆ ناچن ڤار بەكاربێنن.

 

شەقڵاوە یەكەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا

لە یارییەكی لوتكەدا، شەقڵاوە لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی چوارقوڕنەی كرد، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیتوانی بەربەستی یەكسانبوون بشكێنێت، بەڵام رووداوەكانی نیوەی دووەم كاریگەربوون.

لە خولەكی 77 هۆگر یوسف گۆڵی یەكەمی شەقڵاوەی تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 86 ئاگرین مەلائاری ئەنجامەكەی بۆ نوێنەرەكەی راپەڕین یەكسان كردەوە.

بەڵام خۆشییەكانی چوارقوڕنە زۆری نەبرد، كاتێك محەمەد والح لە خولەكی 88 گۆڵی دووەمی شەقڵاوەی تۆمار كرد و یەكەمین سەركەوتنی بۆ یانەكەی تۆمار كرد. لە بەرامبەردا چوارقوڕنە سێیەمین یاریی لەم وەرزە دۆڕاند و لە كۆی 6 یاری 3 خاڵی هەیە و لە خانەی شەشەمی ریزبەندی دێت.

 

پێشمەرگە كۆتایی بە سەركێشییەكانی شێروانە هێنا

یانەی پێشمەرگەی هەولێر رێگایەكی دووری بۆ رووبەڕبوونەوەی شێروانە بڕی و سەردانی گەرمیانی كرد، یارییەكەش بە گۆڵێكی بێوەڵام بە سەركەوتنی پێشمەرگە كۆتایی هات، تاكە گۆڵی یارییەكەش عەبدوڵڵا سەربەست بە لێدانی پێناڵتی لە خولەكی 81 تۆماری كرد.

پێشمەرگەی هەولێر لە كۆی 7 یاری، 4 سەركەوتنی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی سەركەوت، لە بەرامبەر شێروانە بە 16 خاڵ لە پێشەنگی خولەكە مایەوە.

 

گرینگترین ئامارەكانی ئەم هەفتەیە

1ـ پیشەسازی دوای 620 رۆژ یەكەمین یاریی دۆڕاند.

2ـ یانەكانی شەقڵاوە و هەولێر یەكەمین سەركەوتنیان لەم وەرزە تۆمار كرد.

3ـ سەیدسادق، هەندرێن و چوارقوڕنە هێشتا نەیانتوانیوە سەركەوتن لەم وەرزە تۆمار بكەن.

4ـ یانەی رزگاری تاكە یانەیە لەم وەرزە زۆرترین خاڵی لە نێو یاریگەی خۆی بەدەستهێناوە، لە كۆی 11 خاڵی ئەم وەرزەی 10 خاڵی لە نێو یاریگەی خۆی كۆكردووەتەوە.

5ـ محەمەد والح و عەبدوڵڵا سەربەست، هاتنە ریزی فرانسیس دادزی، عومەر بیبۆ و دۆس سانتۆس كە هەریەكەیان 4 گۆڵیان لەم وەرزە هەیە.